دادگا بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ئیمامئۆغڵو دەرکرد

دادگای ئیستانبۆڵ بە تاوانی گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ دەرکرد.

شەوی ڕابردوو، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبۆڵ برایە بەردەم داواکاری گشتیی لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کرابوون کە پەیوەستن بە گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل، هەرچەندە لە لێکۆڵینەوەکان تۆمەتەکانی ڕەت کردووەتەوە، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی ئاداری 2025، دادگای سزادانی ئیستانبۆڵ بڕیاری زیندایکردنی ئیمامئۆغڵوی دەرکرد، بەڵام تاوەکوو ئیستا ماوەی زیندانیکردنەکەی ئاشکرا نەکراوە.

بەرەبەیانیی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو، 19ی ئاداری هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ و 104 کەسی دیکەیان دەستگیر کرد.

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورە شارەوانی  ئیستانبۆڵ و 99 کەسی دیکە بە تاوانی "تێوەگلان لە ڕێکخراوی تاوانکاری"، "وەرگرتنی بەرتیل"، "ساختەکاری"، و "ساختەکردنی تەندەر" و چەند تۆمەتێکی دیکە سزای زیندانیکردنیان بۆ دەرکراوە. 

هەروەها لەسەر دۆسیەیەکی دیکە بەناوی "هاوکاریکردنی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی"، لێکۆڵینەوە لە ئیمائۆغڵو و شەش تۆمەتباری دیکە بەردەوامە، کە لەنێویدان ماهیر پۆلات، جێگری سکرتێری گشتیی شارەوانی ئیستانبۆڵ، ڕەسوڵ ئیمرا شاهان، سەرۆکی شارەوانی شیشلی هەن.

هەر بەهۆی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی ئاڵۆییەکانی دوای دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو، لە 48 کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر زیاتر لە 650 خۆپیشاندەر دەستگیر کراون، هاوکات بڕیاری قەدەغەی خۆپیشاندان و هەموو جۆرە چالاکییەک لە ئیستانبۆڵ تاوەکوو 27ی ئەم مانگە درێژ کراوەتەوە.

لەلایەن خۆیەوە وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاندووە، هەرگیز ڕێگە بە تێکدان و گێرەشێوێنی ئەو کەسانە نادەین کە هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی وڵات دەکەن.