سوپای ئیسرائیل داوا لە دانیشتوانی ناوچەی تەل سوڵتان لە ڕەفەح دەکات دەستبەجێ چۆڵی بکەن

سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی ئاداری 2025، هۆشدارییەکی بۆ دانیشتوانی تەل سوڵتان لە ڕەفەح بڵاو کردەوە و داوای لێیان کرد دەستبەجێ ناوچەکە چۆڵ بکەن.
ئەڤیغای ئەدرەعی، گوتەبێژی سەربازیی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا لە سۆشیال میدیا بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە "سوپا هێرشێکی دەست پێ کردووە بۆ لێدانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، بەو پێیەی ئەو ناوچەیەی تۆ تێیدایت بە ناوچەیەکی شەڕکەری مەترسیدار دادەنرێت."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە "شەقامی گوش کەتیف بە ڕێگەیەکی مرۆیی دادەنرێت بۆ بەکارهێنانی ئێوە بۆ گواستنەوە بۆ ناوچەی مەواسی."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە "دانیشتوانی ناوچەکە هاتوچۆکردن بە ئۆتۆمبێل قەدەغە کراوە، هەروەها هۆشداریی دراوە لە مانەوە لە پەناگە و چادر و ماڵەکاندا، یان هاتوچۆ بەو ڕیگایانەی لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستنیشان نەکراون، چونکە ئەوە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات."
بەهۆی بۆمبارانەکانی ئیسرائیلەوە لە ئێوارەی دوێنێ شەممەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بۆ سەر باشووری کەرتی غەززە، نزیکەی 25 کەس کوژراون و چەندانی دیکەش بزرن.