ئاسایشی دێرەزوور بەرپرسێکی باڵای نزیکی ماهر ئەسەدی دەستگیر کرد

یەکشەممە،23ـی ئادار 2025، ئاسایشی گشتیی پارێزگای دێرەزوور، دەستگیرکردنی عەمید عەبدولکەریم ئەحمەد حەمادە، کە کەسێکی نزیکی ماهر ئەسەد، برای بەشار ئەسەد بووە، ڕاگەیاند.
ئاژانسی فەرمی سووریا 'سانا' بڵاوی کردەوە "حەمادە، لە ڕژێمی پێشووی سووریا، پۆستی بەڕێوەبەری ئیدارەی دۆسییەی نیشتەجێبوونی هەبووە، جگە لەوەی ڕاوێژکار و بەرپرسیار بووە لە هەماهەنگی نێوان ئەفسەرانی ڕژێمی پێشوو و سەرکردەکانی سوپای پاسدارانی ئێران."
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە، بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سووریا، ناوەندەکانی نیشتەجێکردنی بۆ ئەندامانی پێشووی ڕژێمی سووریا کردووەتەوە بۆ ئەوەی چەکەکانیان ڕادەست بکەن، بەڵام ڕەتکردنەوەی بەشێک لە ئەندامانی ڕژێمی پێشوو، بووەتە هۆی پێکدادان و شەڕوئاژاوە لە چەند پارێزگایەکی سووریا.