پۆلیسی بابل زیاتر لە 110 پارچە شوێنەوارییان دۆزییەوە

یەکشەممە، 23ـی ئاداری 2025، پۆلیسی بابل ڕایگەیاند، لە کردەیەکی هاوبەش لەگەڵ پشکنەرانی شوێنەواری بابل، لە شاری بۆرسیپا، 111پارچەی شوێنەوارییان لە باشووری پارێزگاکە دۆزیوەتەوە کە بەهۆی باران و ڕامالێنی زەوییەوە، دەرکەوتوون.
فەرماندەیی پۆلیسی بابل، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە "بەشی پۆلیسی پاراستنی شوێنەوار، بە هەماهەنگی لەگەڵ پشکنەرانی شوێنەوارەکانی بابل و مەفرەزەیەکی ئاسایشی نیشتمانیی لە بابل، هەڵمەتێکی ئەمنی هاوبەشیان لەناو شاری دێرینی بۆرسیپا کرد، لە ئەنجامدا 111 پارچە شوێنەواریان بە شێوە و قەبارەی جیاواز دۆزییەوە، کە دوای بارانی ئەم دواییە، دەرکەوتوون."
پۆلیسی پارێزگای بابل، جەختی لە گرنگیی دۆزینەوەی ئەو پارچە شوێنەوارانە کردەوە. هەڵمەتەکەش لە چوارچێوەی پاراستنی شوێنەوارەکان، لە هەڵکۆڵینی نایاسایی و بە قاچاخ بردنی، کراوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو پارچە شوێنەوارییانەی دۆزراوانەتەوە، لەلایەن پسپۆڕانی پشکنینی شوێنەوارەکانی بابلەوە لێکۆڵینەوە و شیکارییان بۆ دەکرێت بۆ دیاریکردنی ناسنامە و مێژووییەکانیان.

