هاوژینی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی گرینلاند ده‌كات

کۆشکی سپی سەردانی به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكا بۆ دوورگه‌ی گرینلاند ڕاده‌گه‌یه‌نێت و و دۆنالد ترەمپیش پێی وایە ئەمەریکا پێویستی بە لکاندنی گرینلاند هەیە.

یەکشەممە، 23ـی ئاداری 2025، کۆشکی سپی لە ڕاگەیاندراوێکدا گوتی: ئۆشا ڤانس، هاوسەری جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، بەنیازە هەفتەی داهاتوو سەردانی دوورگه‌ی گرینلاند بکات.

لە ڕاگەیاندراوەکە دا هاتووە، ڤانس بە یاوەری کوڕەکەی و شاندێکی ئەمەریکی سەردانی گرینلاند دەکات، بۆ بینینی شوێنە مێژووییەکان و ئاگاداربوون لە میراتی گرینلاند و بینینی پێشبڕکێی نیشتمانیی سەگ سلێد.

ئاماژە بەوەش کراوە، ڤانس و شاندەکەی خۆشحاڵن کە توانیویانە شایەتحاڵی ئەم پێشبڕکێ گرنگە بن و ئاهەنگ بگێڕن بۆ کولتوور و یەکێتیی گرینلاند.

لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی یەکدا، دۆناڵد ترەمپ بە ئاشکرا باسی لە لکاندنی گرینلاندی کردووە. گرینلاند، ناوچەیەکی فراوان و  شوێنێکی ستراتیژییە لە جەمسەری باکوور و  دەوڵەمەندە بە سەرچاوە کانزاییەکان.

ترەمپ پێی وایە ئەمەریکا پێویستی بە لکاندنی گرینلاند هەیە بۆ ئەوەی ئاسایشیی وڵاتەکەی مسۆگەر بکات.

گرینلاند ناوچەیەکی سەربەخۆیە لە ناو شانشینی دانیمارک، هەرچەندە لەڕووی فیزیۆگرافییەوە بەشێکە‌ لە کیشوەری باکووری ئەمریکا، بەڵام گرینلاند لە ڕووی سیاسی و کولتوورییەوە پەیوەندی بە ئەوروپاوە هەیە بەتایبەتی نەرویچ و دانیمارک.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment