نزیکەی 15 ملیۆن دەنگدەری جەهەپە پشتگیریی لە کاندیدکردنی ئیمامئۆغڵو بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار دەکەن

شارەوانیی ئەستەنبوڵ ڕایگەیاند، نزیکەی 15 ملیۆن دەنگدەر بەشدارییان لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی ڕۆژی یەکشەممەدا کرد کە لەلایەن جەهەپە ڕێک خرابوو، سەرەڕای دەستگیرکردنی، دەنگیان بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانیی شارەکە داوە.
شارەوانییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆی 15 ملیۆن دەنگ، 13 ملیۆن و 211 هەزار کەس هاوسۆزیی خۆیان بۆ ئۆغلو دەربڕیوە، هەروەها بڕیار بوو ئیمامئۆغڵو، دوێنێ یەکشەممە وەک کاندیدی حزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتووی ساڵی 2028 ڕابگەیەنرێت.
ئیمامئۆغڵو لە زیندانی ئەستەنبوڵ، پێشوازیی لەو هەواڵە کرد و ڕایگەیاند، ئەو هەواڵە "زۆر دڵخۆشی کردووە."
لە بەیاننامەیەکدا، کە لەلایەن شارەوانییەوە بڵاو کراوەتەوە، هاتووە "دەیان ملیۆن کەس لەم وڵاتەدا بەدەست سەرکوتکردنی حکوومەت و ئابوورییەکی وێران و بێکاری و ئاژاوەگێڕییەوە گرفتارن، هاووڵاتییان بەپەلە چوونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ ئەوەی بە (ڕەجەب تەیب سەرۆک کۆماری تورکیا) ئەردۆغان بڵێن: ئیتر بەسە."
بەرەبەیانیی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو، 19ی ئاداری هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ و 104 کەسی دیکەیان دەستگیر کرد.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ و 99 کەسی دیکە بە تاوانی "تێوەگلان لە ڕێکخراوی تاوانکاری"، "وەرگرتنی بەرتیل"، "ساختەکاری"، و "ساختەکردنی تەندەر" و چەند تۆمەتێکی دیکە سزای زیندانیکردنیان بۆ دەرکراوە.
هەروەها لەسەر دۆسیەیەکی دیکە بەناوی "هاوکاریکردنی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی"، لێکۆڵینەوە لە ئیمائۆغڵو و شەش تۆمەتباری دیکە بەردەوامە، کە لەنێویدان ماهیر پۆلات، جێگری سکرتێری گشتیی شارەوانی ئیستانبۆڵ، ڕەسوڵ ئیمرا شاهان، سەرۆکی شارەوانی شیشلی هەن.
هەر بەهۆی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی ئاڵۆییەکانی دوای دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو، لە 48 کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 650 خۆپیشاندەر دەستگیر کراون، هاوکات بڕیاری قەدەغەی خۆپیشاندان و هەموو جۆرە چالاکییەک لە ئیستانبۆڵ تاوەکوو 27ی ئەم مانگە درێژ کراوەتەوە.
لەلایەن خۆیەوە وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاندووە، هەرگیز ڕێگە بە تێکدان و گێرەشێوێنی ئەو کەسانە نادەین کە هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی وڵات دەکەن.