ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت سەرلەبەری بەرنامەی ئەتۆمی ئێران هەڵبوەشێنێتەوە

ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی دۆناڵد ترەمپ، داوای هەڵوەشاندنەوەی سەرلەبەری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکات.
مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی دۆناڵد ترەمپ بە کەناڵی 'سی بی ئێس نیوز'ـی ڕاگەیاند "هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن و ئێستا کاتی ئەوەیە ئێران بە تەواوی دەستبەرداری خواستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بێت."
واڵتز هۆشداری دا "ئەگەر ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، ئەوە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتەقێتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد "ئەمە بە هیچ شێوەیەک بۆ ئاسایشی نەتەوەییمان قبوڵ ناکرێت."
سەرەتای ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران نارد بە مەبەستی دانووستانی ئەتۆمی.
دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند "نامەیەکم بۆ خامنەیی نووسی و گوتم دانوستان بکەین، چونکە ئەگەر ناچار بین پەنا بۆ کردەی سەربازیی ببەین، ئەوە مەترسیدار دەبێت."
لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، ساڵی 2018 ترەمپ، بەشێوەیەکی تاکلایەنە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ڤیەننای ساڵی 2015 کشایەوە، کە ئامانجی بەرتەسککردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بوو لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان. دوای ئەوە تارانیش چیتر بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە پابەند نەبوو.