ژیانەوەی سەراوی ڕوانسەر دانیشتووانی پارێزگای کرماشانی دڵخۆش کردووە

سەراوی ڕوانسەر لە ناوەندی شارەکە هەڵکەوتووە، یەکێکە لە پەنجا شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هاوکات بە 57مـین شوێنەواری میراتی سروشتی لە ئاستی ئێراندا تۆمار کراوە. دانیشووانی ڕوانسەر بە تەقینەوەی سەراوەکە زۆر دڵخۆشن و هیوا دەخوازن ئەمساڵ لە دەست کێشەی کەمئاوی ڕزگاریان بێت.
تەوفیق یوسفی، دانیشتووی ڕوانسەر سوپاسگوزاری خوا دەکات دەڵێت: شکور بۆ خوا لەگەڵ بارانی ئەم ساڵ سەراوی تەقیوەتەوە و ئاوێکی زۆری لەبەر دەڕوات و کێشەی کەم ئاویمان نییە.

کیوومەرس نادری، دانیشتووی ڕوانسەر ئەویش بەدەم خۆشحاڵی دەربڕینەوە، دەڵێت: ئەموو ساڵێک لەم کاتانەدا بەبۆنەی تەقینەوەی ئەم سەراوە هەستێکی خۆشمان هەیە، بینینی ئەم ئاوە و بیستنی خوڕەی لەبەر ڕۆیشتنی ئارامی و ئاسوودەیی بە مرۆڤ دەدات، ئەمەش وای کردووە هەم خەڵکی شارەکە و هەم میوانانی شار بێن و چێژ وەگرن، لەگەڵ ئەمەشدا دانیشتووانی ڕوانسەر میواندۆستن.
سەراوی ڕوانسەر، چەند ساڵێکە بە هۆی کەمئاوی و کەمبارانی و هەروەها لێدانی چەندین بیری قووڵ لە نزیک سەرچاوەکانی سەراوەکە، لە وەرزی هاویندا وشک دەبێت. وشکبوونی ئەم سەراوە جیا لە تێکچوونی ژینگە و ئەو زیانەی بە کەرتی گەشتیاریی شاری ڕوانسەری گەیاندووە، بووتە هۆی مردنی پتر لە 10 هەزار ماسی؛ هەر بۆیە تەقینەوەی سەراوەکە لە وەرزی بەهاردا، دانیشتووانی ڕوانسەر و سەدان گەشتیار لە شارەکانی دیکەوە ڕۆژانە بۆ چێژ وەرگرتن و بەسەر بردنی کاتێکی خۆش، سەردانی سەراوەکە دەکەن.

دانیشتوویەکی گەیلانی ڕۆژئاوا، کە بەمەبەستی گەشت سەردانی ڕوانسەری کردووە دەڵێت: ئەمساڵ ئاوێکی زۆر و ڕەوان لەبەر سەراوی ڕوانسەر دەڕوات، بەهارەکەشی هەر ماشەڵلای دەوێت.
حاجی ئەحمەد ڕەحیمی، گەشتیارێکی دیکەیە سەردانی سەروای ڕوانسەری کردووە و بەدەم سوپاسگوزاری و ستایشکردنی خوا، دەڵێت: هیوادارم ئاوی ئەم سەراوە هەروا بەردەوام بەخۆڕ بێت و ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ دانیشتووانی ڕوانسەر و هەورامان و گەشتیاری زیاتر بێنە سەردانی.
سەراو ڕوانسەر لە کوێستانی شاهۆوە سەرچاوە دەگرێ، بە گوێرەی تۆمارکان لە سەردەمی پڕ ئاویدا لە هەر چریەکەدا 2700 لیتر ئاوی لەبەر ڕۆیشتووە و بووەتە سەرچاوەی سەرەکیی ڕووباری قەرەسوو، کە درێژترین ڕووباری پارێزگای کرماشانە. هەر بۆیەش سەراوی ڕوانسەر جیا لە بایەخی بۆ کەرتی گەشتیاری، گرنگییەکی زۆریشی بۆ کەرتی کشتوکاڵی پارێزگاکە هەیە.
