بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆک وەزیرانی کۆریای باشوور ڕەت کرایەوە

 دووشەممە، 24ـی ئاداری 2025، دادگای دەستووریی کۆریای باشوور بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆک وەزیران، هان دوک سووی ڕەت کردەوە و فەرمانی گەڕاندنەوەی وەک سەرۆکی کاتیی کۆریای باشوور بۆ دەرکرد.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی 'یۆنیهاپ' بڵاوی کردەوە، بڕیاری دوورخستنەوەی هان دوک سوو، بە زۆرینەی دەنگی دادوەرەکان ڕەت کردەوە، کە لەکۆی هەشت دادوەر، پێنجیان  دەنگیان بە مانەوە داوە و یەکێکیش دەنگی بەدوورخستنەوەکە داوە.

دوای ئەوەی سەرۆک وەزیران هەوڵی سەپاندنی یاسای سەربازی دا، ناڕەزایەتی لێ کەوتەوە و بووە هۆی دوورخستنەوەی لەلایەن پەرلەمانەوە، دواتر پۆستەکە بەکاتی لەلایەن هان بەڕێوە دەبرا.

تەنیا دوای چەند هەفتەیەک، پەرلەمان کە زۆرینەی ئۆپۆزیسیۆنن، دەنگیان بە دوورخستنەوەی 'هان' دا، ئەویش بەهۆی ڕەتکردنەوەی دانانی دادوەر بوو لە دادگای دەستووری بۆ ئەوەی چارەنووسی سەرۆکە لەکار لابراوەکە یەکلایی بکەنەوە.

بەپێی ڕادیۆی 'وای تی ئێن'ـی کۆریی، دادگا هیچ بەڵگەیەکی نەدۆزیوەتەوە کە هان بەشداریی لە کۆبوونەوەکانی پەیوەست بە پلاندانان بۆ ڕاگەیاندنی یاسای سەربازی کردبێت، ئەمەش پێگەی ئەو لەبەردەم دادگای دەستوریدا بەهێزتر کردووە .

چۆی سانگ مۆک، کە لە شوێنی هان، وەک سەرۆکی کاتیی دەستبەکار بوو، دوو دادوەری دیکەی بۆ دادگای دەستووریی دەستنیشان کرد، لە کاتێکدا ئۆپۆزسیۆن داوای تەواوکردن و دانانی دەستەیەکی نۆ دادوەری لە دادگاکە دەکرد.

شەممە 8ـی ئاداری 2025، یۆن سوک یۆل، سەرۆکی پێشووی کۆریای باشوور لە زیندان ئازاد کرا و بەدرێژایی ڕێگای زیندانەکەش لایەنگرانی بۆ پێشوازیی لێی، ڕاوەستابوون، بەر لەوەی سەرکەوێتە ئۆتۆمبێلەکەی، یۆن سوک یۆل زۆر بە دڵخۆشییەوە سڵاوی گەرمی لە لایەنگرانی خۆی کرد.
لە 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرۆکی پێشووی کۆریای باشوور، هەوڵی سەپاندنی یاسای سەربازیی دا، بەمەش وڵاتەکەی تووشی شۆک کرد و ئەو بڕیارەی بووە هۆی ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربچێت.