گەڕی دووەمی دانوستانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا کۆتایی هات

گەڕی دووەمی دانوستانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە سعوودییە کۆتایی هات، هەردوولاش دانوستانەکە بە بەرهەمدار وەسف دەکەن.

ڕاستەم ئەمیرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، گەڕی دووەمی دانوستانەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا لە جددەی سعوودیە کۆتایی هاتووە، گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە و بنیاتنەریان کردووە.

وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا جەختی کردەوە "لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ ئەمەریکا سەرنجی سەرەکیان لەسەر پرسی وزە بووە، گفتوگۆکانیشیان بەردەوام دەبێت، چونکە ئۆکرانیا بەدوای ئاشتیەکی درێژخایەنەوەیە."

ئەمڕۆ گەڕی دووەمی دانوستانی ئاشتی لەنێوان ئۆکرانیا و ئەمریکا لە جەددەی سعوودیە بەڕێوە چوو.

پێشتر ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی گوتبووی: ڕووسیا بەردەوامە لە وێرانکردنی ژێرخانەکانی ئۆکرانیا و کوشتنی خەڵکی بێتاوان، بۆ جیهان ڕوون بووەتەوە ڕووسیا ئاشتی ناوێت.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند "دوای دانوستانەکانی گەڕی یەکەم لە جەددە، بۆ هەموو جیهان ئاشکرا بوو کە ڕووسیا ئەم جەنگەی دەست پێ کردووە و هەر ئەویشە ڕێگە نادات تەواو ببێت و بەردەوامیی پێ دەدات.