جەهەپە بە فەرمی ئیمامئۆغڵوی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کاندید کرد

جەهەپە بە فەرمی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کاندید کرد.
دووشەممە، 24-03-2025، دەنیز یوجەل، گوتەبێژی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پارتەکەیان بە فەرمی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی زیندانیکراوی گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کاندید کرد.
دوێنێ یەکشەممە، 23-03-2025، هەڵبژاردنی ناوخۆیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بۆ دیاریکردنی کاندیدی پارتەکە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی تورکیا بەڕێوە چوو.
هەر ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بە تۆمەتەکانی بەڕێوەبردنی رێکخراوی تاوان، بەرتیلدان و وەرگرتن، دەستوەردان لە تەندەرەکانی دامەزراوە گشتییەکان و گەندەڵی دارایی، لەلایەن دەیەمین دادگەی تاوانەکانی ئیستانبوڵ لە چاغڵایان، بڕیاری بەندکردنی بۆ دەرکرا.
شەوی شەممە، 22-03-2025، ئیمامئۆغڵو بردرایە بەردەم دادگای باڵای تورکیا و گوتەی لێ وەرگیرا. به پێی ڕاگهیهنراوێكی شارهوانیی ئیستانبووڵ، ئیمامئۆغڵو سهرجهم ئهو تۆمهتانهی دراونهته پاڵی، له بهردهم دادگادا ڕهت کردوونەتەوە و به "نائهخلاقی و بێ بنهما" ناوی بردوون.
ئەمە لە کاتێکدایە بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، 19-03-2025، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، هەڵیان کوتایە سەر ماڵی ئیمامئۆغڵو و دەستبەسەریان کرد.