کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان: نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەران دەست پێ دەکات

دووشەممە، 4ـی ئاداری 2025، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، سبەینێ سێشەممە، پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەران دەست پێ دەکات.

بەگوێرەی نووسراوێک کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاو کراوەتەوە "کۆمیسیۆن بڕیاری داوە سێشەممە، 25ـی ئادار، دەست بە پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەران بکرێت."

ئاماژە بەوەش کراوە "پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەران، بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت، لەوانە پرۆسەی تۆمارکردنی سەرەتایی، زیادکردن، چاککردنەوە، گۆڕانکاری، سڕینەوە، تۆمارکردنی ئاوارەکان، و تۆمارکردنی هێزە ئەمنییەکان."

پیشتر حەسەن فەدعەم، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە ڕایگەیاندبوو، "هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، لە کۆتایی ساڵی 2025 دەکرێت، پێشم وانییە هیچ بیانوویەک هەبێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە چونکە هێشتا تەمەنی پەرلەمان ماوە و  سەقامگیرییش لە عێراقدا هەیە."

گوتیشی: هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستی بە ڕێککەوتن هەیە، هێشتاش هیچ ڕێککەوتنێک نییە لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، لەوانەش پرسی زیادکردنی بڕگەیەک کە ڕێگریی لە بەربژێربوونی ئەوانە بکات کە خاوەن پۆستی باڵان لە وڵاتدا، وەک سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment