لە تورکیا 12 کەس بە گومانی تێوەگلانیان لە ھێرشەکەی سەر کۆنسوڵخانەی عێراق دەستگیر کراون

ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا 12 کەسیان بە گومانی تێوەگلانیان لەو ھێرشە چەکدارییەی کرایە سەر کۆنسوڵخانەی عێراق لە ئیستانبوڵ، دەستگیر کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 24-03-2025، ئاژانسی ئانادۆلو لەسەر زاری ژمارەیەک سەرچاوەی ئەمنی بڵاوی کردووەتەوە،  تیمەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستانبوڵ، بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکانیان لەبارەی ئەو ھێرشە چەکدارییەی کە ڕۆژی 21ی ئەم مانگە کرایە سەر کۆنسوڵخانەی عێراق لە ناوچەی شیشلی لە ئیستانبوڵ.

ھەر بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، ھێرشەکەی سەر کۆنسوڵخانەی عێراق لە ناوچەی شیشلی لەلایەن دوو کەسی چەكدارەوە كە ماتۆڕسکیلیان لێ دەخوری، کراوە. ھاوکات ھێزەکانی پۆلیس یەکێک لە بکەرانی ھێرشەکە کە تەمەنی 18 ساڵە، دوای ئەوەی لەسەر ڕێگای خێرا لە ئیستانبوڵ تووشی ڕووداوی ھاتوچۆ بوو، دەستگیر کرد.

هەمان سەرچاوە باسیان لەوەش کردووە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، 12 کەس بە گومانی تێوەگلانیان لەو ھێرشە چەکدارییەی سەر کۆنسوڵخانەی عێراق لە ئیستانبوڵ، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون.