ڕێگریی لە بە قاچاخبردنی حەوت کچ لە نەیجیریاوە بۆ بەغدا کراوە

ماڵپەڕی "The Nation"ی نەیجیریایی بڵاوی کردووەتەوە، دەسەڵاتدارانی نەیجیریا هەوڵێکیان بۆ بەقاچاخبردنی حەوت کچ لە ئەبوجای پایتەختەوە بۆ بەغدا پووچەڵ کردەوە. کە پێدەچێت بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە بێت.

ماڵپەڕەکە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە "ئەندامانی ئاژانسی نیشتمانیی نەیجیریا بۆ قەدەغەکردنی بازرگانیی بە مرۆڤ، توانیان حەوت کچ ڕزگار بکەن، کە  باندە قاچاخچییەکان کە بەنیازبوونە  بیانگوازنەوە بۆ بەغدای پایتەختی عێراق." گوتیشی: ئەو قوربانیانە لە هۆتێلێکی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ننامدی ئەزیکیوی نێودەوڵەتیی لە ئەبوجا ڕاگیرابوون.

ئەفسەری ڕاگەیاندنی ئاژانسی نیشتیمانی نەیجیریا، ڤینسێنت ئەدیکۆی، بە ماڵپەڕەکەی گوت: لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی بەڕێوەبەری هۆتێلەکە دەستگیر کراوە. بە گوتەی ئادیکۆی، لەناو هۆتێلەکە سەرنجی جووڵەی نایاسایی هەندێک کچی منداڵ و پیاوی گومانلێکراو دراوە، کە دواتر دەرکەوت ئەو پیاوانە بە نیازبوونە کچەکان بە قاچاخ ببەن بۆ بەغدا.

لە ڕاپۆرتی ماڵپەڕەکەدا هاتووە، دەزگای نیشتمانی لە چەند مانگی ڕابردوودا، لانیکەم 60 قوربانی باندەکانی قاچاخچییەتی بە مرۆڤی ڕزگار کردووە، لەوەی بنێردرێن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.