عراقچی: لەبارەی پرسی ئەتۆمی، ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵ ئەمەریکا

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ڕێگەکانی بەردەم گفتوگۆی ناراستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا، لەبارەی پرسی ئەتۆمی کراوەن.
دووشەممە 24ـی ئاداری 2025، عەباسی عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئامادەنە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەبارەی پرسی ئەتۆمی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا بکەن.
دووپاتیشی کردەوە، تاوەکوو ئەمەریکا سیاسەتی بەرانبەر ئێران نەگۆڕێت، خۆیان لە هەر گفتۆگۆیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وڵاتەکە بەدوور دەگرن.
7ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، ڕایگەیاند، "لە بارەی ڕێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی وڵاتەکە ناردووە."
لە ساڵی 2018، بە بڕیارێکی تاکلایەنەی دۆناڵد ترەمپ، ئەمەریکا لە ڕێککەوتنامەکە کشایەوە، بە بیانووی ئەوەی ئێران پابەندیی ڕێککەوتنامەکە نەبووە.