نزیکەی دوو مانگە پەرلەمانی عێراق کۆنەبووەتەوە

بەهۆی پابەندنەبوونی پەرلەمانتاران بە دەوامکردن و کاتی دانیشتنەکان، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عیراق، دەیەوێت بە هاوکاری مەرجەعییەتی شیعە و ئەنجوومەنی فەتوا و زانایانی شیعە، فەتوایەک دەربکەن و تێدا مووچەی ئەو پەرلەمانتارانە کە دەوام ناکەن بە حەرام لە قەڵەم بدرێت.

دەوامنەکردنی پەرلەمانتارانی عێراق و وەرگرتنی مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا بووە بە قسە و باسی نێو خەڵک، بەهۆی بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمان ژمارەیەک پرۆژەیاسا کە پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە هەیە پەکیان کەوتووە، خەڵکی دەڵێن: مووچەی مانگانەی ئەو پەرلەمانتارانە حەرامە کە پابەندی دەوامکردن نابن.

لەم خولەی پەرلەماندا نزیکەی 100 پەرلەمانتار تەنیا سوێندی یاساییان خواردووە و  دەوامیان نەکردووە، هەرچەندە پێشتر دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان سزای یەک ملیۆن دیناری بۆ ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکان دیاریی کردبوو، بەڵام ئەم هەنگاوەش نەیتوانی دەوامی ئەندامانی پەرلەمان ڕێک بخاتەوە.

بە پێی ئامارەکان خەرجی ساڵێکی پەرلەمانی عیراق 581 ملیار دینارە کە 474 ملیار دیناری بۆ مووچەی پەرلەمانتاران تەرخان دەکرێت.

هەروەها ئێستا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عیراق، دەیەوێت بە هاوکاری مەرجەعییەتی شیعە و ئەنجوومەنی فەتوا و زانایانی شیعە، فەتوایەک دەربکەن و تێدا مووچەی ئەو پەرلەمانتارانەی کە دەوام ناکەن بە حەڕام لە قەڵەم بدرێت.

جەواد پۆلانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان کەمی ماوە، پێویستە دانیشتنەکان دەست پێبکاتەوە و پرۆژەیاساکان پەسەند بکرێن کە پەیوەندی بە ژیانی هاووڵاتییەوە هەیە، پەرلەمان نوێنەرایەتی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان دەکات و کاری زۆری لەسەرە.