میدیاکانی ئەڵمانیا: ئاهەنگی نەورۆزی کۆڵن بێ هیچ ڕووداوێک تەواو بوو
ئاهەنگە فراوانەکەی نەورۆز لە کۆڵن، بووەتە باسی میدیاکانی ئەڵمانیا و یەکێک لە دامەزراوە میدیاییەکان ڕایگەیاندووە، سەرەڕای ئەو بەشدارییە فراوانەی لە ئاهەنگی نەورۆز هەبوو، بەڵام هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو ڕووینەدا.
تۆڕی میدیای ڤێ دێ ئاڕ، ڕاپۆرتێکی دەربارەی ئاهەنگی نەورۆز لە کۆڵن بڵاو کردووەتەوەو تێیدا ڕایگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی لە ئاهەنگەکە 50 هەزار کەس بەشدارییان کرد، بەڵام هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو ڕووینەدا و ئاهەنگەکە بە ئارامی بەڕێوەچوو.
ڤێ دێ ئاڕ ئاماژەشیداوە بەوەی، بڕیاربوو 10 هەزار کەس بەشداری ئاهەنگەکە بکەن، بەڵام دوای دەست پێ کردنی، نزیکەی 50 هەزار کەس بەشدارییان تێدا کرد، بەمەش پۆلیس ناچاربووە ڕێگاکان دابخات و نەهێڵێت خەڵکی زیاتر بێتە نێو ئاهەنگەکە.
ئەو ڕۆژنامە ئەڵمانییە باسی لەوەش کردووە، بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک لە ئاهەنگەکە، بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە پۆلیس ناچاربووە بەشێک لە شەقامەکانی دەروبەری ئاهەنگەکە دابخات.
هاوکات پۆرتاڵی تی ئۆنلاین، لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەکات، نەورۆزی ئەمساڵ بۆ گەلی کورد مانایەکی گەورەی هەیە، بە تایبەت دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، کورد هیوایەکیان هەیە کە شەڕی چەند ساڵە لە تورکیا کۆتایی بێت و لە تورکیا و سووریا مافەکانیان بەدەستبێنن.
چەندین ئاژانسی میدیای دیکەی ئەڵمانی، هەواڵ و ڕاپۆرتیان لە بارەی ئاهەنگەکە بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەیان بەوەکردوە،دروشمی سەرەکی ئاهەنگی ئەمساڵی کوردان لە کۆڵن بۆ پشتیوانی لە کوردانی سوریا بۆ گەیشتنیان بە مافەکانیان لە داهاتووی سووریا بووە.
پێشتر، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاندبوو، هەرچەندە لە ئاهەنگەكەی شاری كۆڵن دەستێكی نائەمین هەوڵی تێكدان و نانەوەی ئاژاوەی دا و لە ڕووماڵكردن ویستیان پەیامی گردبوونەوە جەماوەرییەكەی نەورۆزی (كۆڵن) بەلاڕێدا ببەن، بەڵام دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی بەشداربووان ڕێگەی بەوە نەدا ئەو هەوڵانە سەر بگرێت و لەو ئاهەنگەدا ڕێبازی دڵسۆزی بۆ وڵات و كوردستانیبوون سەركەوت.

