نەتەوە یەکگرتووەکان: بارەگایەکی ئێمە لە غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، بەهۆی بۆمبارانی ئیسرائیلەوە بارەگایەکی ئێمە کراوەتەوە ئامانج و دەبێت بە زووترین کات لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
دووشەممە، 24ـی ئاداری 2025، ستیڤان دوجاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند: بەهۆی بۆمبارانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، مووشەکێکی ئیسرائیلی بارەگاکانی ئێمەی لە غەززە کردووەتە ئامانج.
گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەش کردووە، ئیسرائیل زانیاری هەبوو، کە ئەو شوێنە بارەگای ئێمەیە، بۆیە داوا دەکەین بە زووترین کات لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە بەرپرسیارن لە هێرشەکە.
بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردە سەر کەرتی غەززە، ئەمەش وەک فشارێک بۆ سەر حەماس، دوای ئەوەی دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بە بنبەست گەیشت.
تەندروستیی غەززە ڕایگەیاندووە، لە هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل له بەربەیانی ڕۆژی سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، بۆ سەر کەرتی غەززە، 700 کەس گیانیان سپاردووە لە نێوانیاندا 400 ئافرەت و منداڵ هەنە.