دانیمارک: دژی سەردانی بەرپرسانی ئەمەریکاین بۆ دورگەی گرینلاند

وەزیری دەرەوەی دانیمارک، سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بەرپرسانی ئەمەریکای بۆ دورگەی گرینلاند، بە نەگونجاو پێناسە دەکات و سەرکۆنەشی دەکات.

دووشەممە 24ـی ئاداری 2025، لارس لۆکی راسمسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک، بە کەناڵی 'تی ڤی دوو'ـی وڵاتەکەی ڕاگەیاند: لە کاتێکی وەک ئێستا سەردانی بەرپرسانی ئەمەریکی، لە نێویاندا ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی، بۆ دانیمارک بەڕاستی کارێکی نەگونجاوە و سەرکۆنەی دەکەین.

پێشتر میوك ئێگده‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی گرینلاند ڕایگەیاندبوو، سەرکۆنەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی شاندی ئەمەریکی بۆ دورگەی دانیمارک دەکەین، کە بڕیارە لە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو ئەنجام بدرێت، دەبێت ڕێز لە یەکگرتوویی و دیموکراسیمان بگیرێت بەبێ هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی.

سه‌رۆك وه‌زیرانی گرینلاند، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیبووی، هیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ شاندەکەدا ئەنجام نادەن، کە پێکهاتوون لە؛ مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و ئۆشا ڤانس، هاوژینی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا.

کۆشکی سپی ڕۆژی یەکشەممە 23ـی ئاداری 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، کە ئۆشا ڤانس بەنیازە لە ڕۆژی پێنجشەممە تا شەممە سەردانی گرینلاند بکات بۆ بینینی شوێنە مێژووییەکانی دورگەکە

تره‌مپ پێشتر له‌ ساڵی 2017 و 2021 كاتێك سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بوو، چه‌ند جارێك باسی له‌وه‌ كردبوو گرنگی به‌ كڕینی دوورگه‌كه‌ ده‌دات، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی دوورگه‌كه‌ و دانیمارك به‌ ئاشكرا ڕه‌تیان كردبووه‌وه‌.

دوورگه‌ی گرینلاند كه‌ ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی 57 هه‌زار كه‌سه‌، به‌شێكه‌ له‌ دانیمارك، به‌ڵام له‌ ڕووی سیسته‌می سیاسییه‌وه‌ خاوه‌نی ئۆتۆنۆمی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌.

ئه‌م دوورگه‌یه‌ به‌ چه‌ندین كانزا و نه‌وت و گازی سروشتی ده‌وڵه‌مه‌نده‌، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا گه‌شه‌كردنی خاوه‌ و له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ زیاتر پشت به‌ ڕاو و گه‌شتیاریی ده‌به‌ستێت.

گرینلاند ناوچەیەکی سەربەخۆیە لە ناو شانشینی دانیمارک، هەرچەندە لەڕووی فیزیۆگرافییەوە بەشێکە‌ لە کیشوەری باکووری ئەمریکا، بەڵام گرینلاند لە ڕووی سیاسی و کولتوورییەوە پەیوەندی بە ئەورووپاوە هەیە بە تایبەتی نەرویج و دانیمارک.

هەروەها هەموو پارتە سیاسییەکانی گرینلاند پشتگیری لە سەربەخۆیی دەکەن، بەڵام هیچیان پشتگیری لە بیرۆکەی پێکەوەلکاندن بە ئەمەریکاوە ناکەن.