هاکان فیدان سەردانی ئەمەریکا دەکات و یەکپارچەیی خاکی سووریا تاوتوێ دەکات

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژانی 25-26ـی ئادار، سەردانی فەرمی بۆ واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا ئەنجام دەدات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە کۆ دەبێتەوە.
دووشەممە 24ـی ئاداری 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی تورکیا بڵاوی کردەوە، فیدان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی تورکیا و ئەمەریکا، پێشهاتە هەرێمییەکانی جێ بایەخی هەردوو وڵات، لەوانە دۆخی ئۆکراینا و پێشهاتەکانی سووریا و دەرفەتەکانی هاریکاریی پەیوەست بەوانە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکاندا سەقامگیریی و یەکپارچەیی خاکی سووریا و باس لە پێویستی هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکە و پەرەپێدانی هاریکاری نێوان تورکیا و ئەمەریکا دەکرێت لە بارەی هاوکارییە مرۆییەکان و سەر لە نوێ بنیاتنانەوەی وڵاتەکە.
کوردستان24 زانیویەتی، هەر لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە پێویستی هەماهەنگیی هەر دوو وڵات، لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و بەڕێوەبردنی سەلامەتی کەمپەکان دەکرێت.
ئاگربەستی غەززە تەورێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی هەر دوو وڵات دەبێت. لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی ئەنادۆڵو ڕایگەیاندووە، ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ترەمپیش تاوتوێ دەکرێت.