ئەمەریکا: پێویستە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە حەشدی شەعبیشەوە پابەندی فەرمانەکانی بەغدا بن

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: پێویستە سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە حەشدی شەعبیشەوە، پابەندی فەرمانەکانی بەغدا بن نەک تاران، بەشێك لە گرووپە چەکدارەکانیش لە لیستی تیرۆردان.
دووشەممە 24ـی ئاداری 2025، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: پێویستە عێراق هەموو هێزە ئەمنییەکانی کۆنترۆڵ بکات، بەو هێزانەشەوە کە لە حەشدی شەعبیدان و چەند ڕێکخراوێکیش کە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە کردەوەی توندوتیژ ئەنجام دەدەن و سەقامگیریی تێک دەدەن.
ئاشکراشی دەکات، ئەو گرووپانە دەبێت گوێرایەڵی فەرمانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بن نەك ئێران، ئەمەریکاش حکوومەتی عێراق هان دەدات ئەو گرووپانە کۆنترۆڵ بکات و بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات.
ئاماژەی بەوەشدا، کاری لەپێشینەی سەرۆکی ئەمەریکا پاراستنی هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیەتی.