سوپای ئیسرائیل دوو بنکەی سەربازیی لە حمس بۆمباران کرد

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی ئاداری 2025، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوو بنکەی سەربازی سووریایان لە پارێزگای حمس لە ناوەڕاستی سووریا بۆمباران کردووە.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد "دوو بنکەکە هێزی سەربازییان تێدا بووە." لە بەیاننامەیەکیش دا ڕایگەیاندووە، ئەو دوو بنکەیە بریتین لە "تەدمور و تی 4."
سەرەتای هەفتەی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر پردی موخەیبەر لە ناوچەی حەوش سەید عەلی لە لادێکانی حمس، لەسەر سنووری سووریا و لوبنان.
لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، دوای گەیشتنی هێزەکانی بەرەی تەحریر شام، بە سەرکردایەتیی، ئەحمەد شەرع، بۆ دیمەشق، کۆتایی بە دەسەڵات و ڕژێمی سووریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد هێنرا. دوا بەدوای ڕووخانی ئەسەد سوپای ئیسرائیل هاتووەتە ناو خاکی سووریا.