عراقچی: بەمزووانە وەڵامی ترەمپ دەدەینەوە

عراقچی: هەرگیز لە ژێر فشار دانوستانی ڕاستەخۆ لەگەڵ ئەمەریکا ناکەین

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: وەڵامی نامەکەی ترەمپ نزیکەی ئامادە دەکرێت و بەم زووانە بەشێوەیەکی گونجاو لە ڕێگەیەکی گونجا وەڵامەکە دەگەیەنرێت، بەڵام هەرگیز لە ژێر فشار دانوستانی ڕاستەخۆ لەگەڵ ئەمەریکا ناکەین.

ئەمڕۆ سێشەممە 25ی ئاداری 2025 لە تاران، عەباس عراقچی لە کۆنفرانسی هاوبەشی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ئارارات میزۆریان، وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا ، لە بارەی وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: هێشتا وەڵامی نامەکەی ترەمپ نەدراوەتەوە، بەڵام نزیکە ئامادە دەکرێت و لەم نزیکانە و بە زوویی لە ڕێگەیەکی گونجاو بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی سەرۆکی ئەمەریکا دەدەینەوە.

گوتیشی: ئێمە لە ژێر کاریگەرترین فشار و مەرجەکانی ئەمەریکا داین، ڕەنگە ڕووبەڕووی هەڕەشەی هێزی سەربازی و سەپاندنی سزا زیاتری ئابوورییەکان ببینەوە، بەڵام ئامادە نین لەگەڵ ئەمەریکا دانوستانی ڕاستەخۆ بکەین، تەنیا ئامادەین لە بارەی بەرنامەی ئاشیانەی ئەتۆمی و ڕەخساندنی هەلێکی ڕوون و ئاشکرا دانوستان بکەین، لەم چوارچێوەیەشدا ئێستا لەگەڵ سێ وڵاتی ئەورووپی و وڵاتانی دیکەی پەیوەندیدار بە دانوستانەکان، گفتوگۆمان بەردەوامە، چونکە ئێران هیچکات مێزی دانوستانەکانی جێنەهێشتووە و جێشناهێڵێت.

عراقچی ئەوەشی ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی بڕوایوایە ئاڵۆزیی و کێشە و گرفتەکانی ناوچەکە لە ڕێگەی دیپلۆماتی و گفتوگۆوە چارە بکرێن، هاوکات ئاماژەیدا، ئێران دژی هەر جۆرە هێرش و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازین لە ناوچەکەدا.

سەرەتای ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، ڕایگەیاند، لە بارەی ڕێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ناردووە.

ترەمپ گوتی: لە نامەکەدا هیوام خواستووە کە بێن دانوستاندن لە بارەی پرسی ئەتۆمی بکەن، چونکە ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ ئێران باش بێت، چونکە هەرگیز ڕێگە نادەین، ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.