پیدەرسن: بەرەوپێشچوونمان لە گفتوگۆی نێوان هەسەدە و دیمەشق بینیوە

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، دەڵێت: ئەم دوواییانە لە کەناراوەکانی سووریا هێرشی چەکداری ڕوویداوە و خەڵکێکی سڤیلی زۆر کۆمەڵکووژ کراون. جەختی لەوە کردەوە، دەبێت جارێکی دیکە متمانە بۆ نێوان پێکهاتەکانی سووریا بگەڕێندرێتەوە.

سێشەممە 25ـی ئاداری 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی تاوتوێکردنی بارودۆخی سووریا، بە تایبەت ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کەناراوەکانی وڵاتەکە کۆبووەوە.

گییەر پیدەرسن، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، ڕایگەیاند: ڕووداوەکانی کەناراوەکانی سووریا نیگەرانییەکانی لە داهاتووی وڵاتەکە زیاد کرد. هاوکات ئاماژەی بەوە دا، لە کەناراوەکانی سووریا هێرشی چەکداری ڕووی داوە و خەڵکێکی زۆر کۆمەڵکوژکراون، کە ئەمەش بووەتە کێشەیەکی ئەمنی لە وڵاتەکە.

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی کۆمەڵکوژییەکانی کەناراوەکانی سووریا دەکەن. پیدەرسن دەڵێت: پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ڕاستەقینەی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە بەرانبەر خەڵکی سڤیل کراوە ئاشکرا بکرێن.

باسی لەوەش کرد، بە پشتبەستن بە زانیارییەکان دەرکەوتووە، خەڵکی سڤیل لەلایەن چەکدارەکانی ڕژێمی پێشوو و حکوومەتی نوێی سووریا کوژراون، کە ئەمەش جێگەی نیگەرانییە. جەختی لەوەش کردەوە، دەبێت لێژنەیەکی سەربەخۆ پێک بهێنرێت و ئەندامی هەموو لایەنەکانی تێدا بێت، بۆ ئەوەی بە بەڵگە لە ماوەی 30 ڕۆژدا هەموو ڕاستییەکان ئاشکرا بکرێن.

هەر لەبارەی لێکۆڵینەوەکانەوە گوتی: دەبێت لێکۆڵینەوەکە شەفاف، کاریگەر، گشتگیر و سەربەخۆ بێت، هەروەها هاوتەریب بێت لەگەڵ ستاندەرتە نێودەوڵتییەکان و، نابێتە شایەتحاڵەکان هەڕەشەیان لێ بکرێت و دەبێت ژیانیان پارێزراو بێت.

پێنجشەممە 6ـی ئاداری 2025، لە پارێزگاکانی لازقییە و تەرتوس شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی حکوومەتی نوێ سووریا و لایەنگرانی ڕژێمی پێشووی ئەسەد ڕووی دا.

یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی ڕووبەڕووبوونەوەکەی کەناراوەکانی سووریا هەزار کەسی تێپەڕاند.

"بەرەوپێشچوونمان لە گفتوگۆی نێوان هەسەدە و دیمەشق بینیوە"

باسی لە ڕێککەوتنەکەی شەرع و عەبدی کرد و ڕوونی کردەوە، شەرع و عەبدی پێکەوە کۆبوونەوە و ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵییان واژۆ کرد، دەبێت ڕێککەوتنەکەی نێوانیان پێش کۆتاییهاتنی ساڵی 2025 بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، بەرەوپێشچوونمان لە گفتوگۆی نێوان دیمەشق و هەسەدەدا بینوە، هەروەها پێشوازیشمان لە نزیکبوونەوەی نێوانیان کردووە، بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی ئاشتی لە وڵاتەکە.

لەبارەی بوونی شەڕ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و هێرشی تورکیا، گییەر پیدەرسن، گوتی: هێشتا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا شەڕ کۆتایی نەهاتووە، لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و هەندێک لایەنی دیکە شەڕ ڕوویداوە، هێرش لەلایەن تورکیاوەش دەکرێت.

گوتیشی: هەفتەی ڕابردوو تورکیا هێرشی کردە سەر ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو هێزە کوردییە بەردەوامە.

دووشه‌ممه‌، 10ـی ئاداری 2025، سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری سووریا له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕایگه‌یاند، ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی قۆناغی ڕاگوزه‌ری سووریا و مه‌زڵووم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) ڕێككه‌وتن.

سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری سووریا ڕایگه‌یاندووه‌، شه‌رع و عه‌بدی ڕێككه‌وتوون هه‌سه‌ده‌ بخرێته‌ ناو سیسته‌می هێزی به‌رگریی نیشتمانی سووریا. هه‌روه‌ها ڕێككه‌وتوون سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا له‌وانه‌ش ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، فڕۆكه‌خانه‌ و كێڵگه‌كانی نه‌وت و غاز به‌ دیمه‌شقه‌وه‌ ببه‌سترێنه‌وه‌.