ئێران.. لە چوار ڕۆژدا زیاتر لە 330 کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان سپارد

دامەزراوەی هەڵمەتی نیشتمانی ئێران ڕەخنە لە خراپی کوالێتی ئۆتۆمبێلە دروستکراوەکانی ناخۆی ئێران دەگرێت و سەرۆکی پۆلیسی هاتوچۆی فەراجاش ئاشکرای کرد، تەنیا لە چوار ڕۆژی یەکەمی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێدا 339 کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان سپاردووە.

تەیموور حوسێنی سەرۆکی پۆلیسی هاتوچۆی فەراجا دەڵێت: سەرەڕای هەڵمەتی نیشتمانی بۆ هۆشیاریی شۆفێران و گەشتیارانی نەورۆزی، بەڵام بە گوێرەی دوا ئاماری چوار ڕۆژی یەکەمی جەژنی نەورۆز 339 کەس لە ڕێگەکاندا بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان سپاردووە. 

لەلایەن خۆیەوە عەلیڕەزا ڕەییسی، گوتەبێژی هەڵمەتی نیشتمانی ئێران بە ناوی "نا بۆ ڕووداوی هاتوچۆ" لە بارەی قوربانیانی ڕووداوەکانی نەورۆزی ئەمساڵ، گوتی: ڕووداوە خوێناوییەکەی نێوان ئیرانشار و خۆراسانی باکوور، کە دوو ئۆتۆمبێلی جۆری پیجۆ 405 و پراید پێکیاندادا، بەهۆیەوە تەواوی سەرنیشانی هەردوو ئۆتۆمبێلەکە، کە حەوت کەس بوون گیانیان سپارد.

هەروەها ڕەخنەی لە کوالێتی ئۆتۆمبێلە دروستکراوەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی گرت و دەڵێت: نزمی کوالێتی و تۆکمە نەبوونی لاشە و سیستەمی کۆنترۆڵکردنی ئۆتۆمبێلەکان، ڕاستەخۆ کاریگەریان لەسەر زیادبوونی ژمارەی قوربانیان هەیە لە کاتی ڕووداوەکانی هاتوچۆدا.

گوتیشی: چەندین جار بەرپرسانی پۆلیسی هاتوچۆمان لە خراپی و نزمی کوالێتی ئۆتۆمبێلەکان ئاگادارکردووەتەوە و هۆشداریمان پێداون کە لە ڕووداوەکاندا چ کارەساتێک دروست دەکەن.

تەیموور حوسێنی دەڵێت: تاوەکوو ئێستا تۆکمەیی و بەهێزی لاشەی ئۆتۆمبێل نەکراوەتە مەرجێکی ڕیشەیی و سەرەکی لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی ناوخۆ، لە کاتێکدا دەبێت بکرێتە مەرجێکی ناچاری و زۆرەملێ لەسەر کۆمپانیاکان، بەڵام بە پێچەوانەوە زیاتر لە %85ی مەرجی سەپێندراوی سەر بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، جەخت لەسەر دیزاین و سەرنجڕاکێشی و تایبەتمەندییە لاوەکییەکانی ئۆتۆمبێلی ناوخۆیی کراوەتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment