سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان بەڕێوەبەری گشتیی دەرمانخانەی سەروەران سزا دەدات

سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان بڕیاری دوورخستنەوەی، د. کۆچەر ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی زنجیرە دەرمانخانەی سەروەرانی لە ئەندامێکی سەندیکاکە دەرکرد و ڕاشیگەیاندووە، تاوتوێی لێسەندنەوەی ناسنامەکەی سەندیکاییەکەشی دەکەن.

سەندیکاکە لە نووسراوێکیدا بە ژمارەی 235 و بە ئیمزای د. بارێف ظاهر ڕەشید، نەقیبی دەرمانسازانی کوردستان بڵاوی کردووتەوە و ڕایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی ئاداری 2025، بڕیاردرا، بە ڕاگرتنی دەرمانساز د. کۆچەر ئیسماعیل محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی زنجیرە دەرمانخانەی سەروەران، لە پیادەکردنی پیشەی دەرمانسازیی بۆ ماوەی سێ مانگ.

هەر لە نووسراوەکەی سەندیکای دەرمانسازاندا هاتووە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو زنجیرە دەرمانخانەیە پێکهێنراوە .

ئەوەش خراوەتەڕوو، دوای بەدواداچوون، لێکۆڵینەوە دەکەن، بۆ ئەوەی تاوتوێی لێسەندنەوەی ناسنامە لە دەرمانسازیی ئەو پزیشکە بکەن.

هەروەها نووسراوەکەی سەندیکا ئاراستەی هەر سێ لقی هەولێر، سلێمانی و دهۆکی سەندیکای دەرمانسازان کراوە بۆ ئەوەی ڕێکار و ڕێنماییەکان جێبەجێ بکەن.

هەرچەندە سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان لە نووسراوەکەیدا هیچ هۆکارێکی ڕوون نەکردووەتەوە، تەنیا لە بڕگەی سێیەمی بڕیارەکەدا ئاماژەی داوە، بە دواداچوونی لێکەوتەکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە هاووڵاتییان دەکەن، لەگەڵ هەر کارێکی دوور لە پیشەی دەرمانسازیی کە لەو زنجیرە دەرمانخانەیە کرابێت.