گرووپە چەکدارەکان لە عەفرین زیان بە باخی هاووڵاتییان دەگەینن و دەیان بنەداری زەیتوون دەبڕنەوە

ئەو گرووپە چەکدارانەی عەفرینیان داگیرکردووە، جارێکی دیکە هەڵیانکوتایە سەر باخە زەیتوونەکانی هاووڵاتییانی کورد و زیاتر لە 200 دارە زەیتوونیان بڕیوەتەوە، کە تەمەنی بەشێک لە دارەکان سەرەوەی 50 ساڵە.

بە گوێرەی ئەو زانیاریی ڤیدیۆیی و وێنەییەی بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 نێردراوە، لە کارە تێکدەرانەیەدا زیاتر لە 250 دار زەیتوون لە باخەکانی نێوان گوندەکانی خرابێ شارا و مەتینا براون بڕدراونەتەوە زیانێکی زۆریان بە ژمارەیەک باخی هاووڵاتییانی کورد گەیاندووە.

ئەو کردەوە تێدەرانەیە دڵگرانییەکی زۆری لەنێو دانیشتووان و هاووڵاتیانی عەفرین دا دروستکردووە، بەڵام هیچ کەسێکیان لەبەر هەڕەشە و مەترسیی گرووپە چەکدارەکان، ناوێرن قسە بکەن و بە ناچاری بەبێدەنگی و بە خەمبارییەوە دەمێننەوە.

چەند هاووڵاتییەک کە نەیانویست ناویان بڵاوبکرێتەوە، بۆ کوردستان24 گوتیان: شەوی ڕابردوو دارەکانیان بڕدراوەتەوە، چونکە بەشەوان هیچ کەسێک بەهۆی مەترسی و هەڕەشەکانەوە ناتوانێت لە ماڵەکانیان بچێتە دەرەوە. 

بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی کوردستان24، لە باخی هەر هاووڵاتییەک زیاتر لە 30 بنەداری زەیتوون بڕاون.

دارە بڕاوەکان بەم شێوەیەن:

-         باخی عەبدولحەنان یوسف – 60 بنە دار.

-         باخی عەبدولحەنان یوسف خەلیل 40 بنە دار.

-         باخی عەبدولمەنان محەممەد 40 بنە دار

-         باخی نوح حەمدوش – 40 بنە دار.

-         باخی زەکەریا عەلی – 30 بنە دار.

-         باخی ئیدریس خەلیل – 30 بنە دار.

لە ساڵی 2018ـەوە لە دوای داگیرکردنی عەفرین تاوەکوو ئێستا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە زیاتر لە 280 هەزار بنەداری زەیتوونی بڕدراون.

ئەحمەد حەسەن سەرۆکی لیژنەی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت:  زیاتر لە 20 ملیۆن بنەداری جۆراوجۆری باخەکانی سنووری شاری عەفرین بڕاون و لەنێو براون، بە تایبەت بنەدارەکانی زەیتوون بۆ ئەوەی بیکەنە خەڵووز و بیفرۆشنەوە لەلایەن چەکدارانەوە دەسووتێندرێن.