جێگرەوەی ئیمامئۆغڵو هەڵدەبژێردرێت

دوای دەستگیرکردن و دوورخستنەوەی سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ و بەیلیکدوزو، هەڵبژاردن بۆ دەستنیشانکردنی جێگرەوەکانیان بەڕێوە دەچێت.
داود گوڵ، پارێزگاری ئیستانبوڵ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-03-2025، هەڵبژاردن بۆ دەستنیشانکردنی جێگرەوەی سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ و شارەوانیی بەیلیکدوزو بەڕێوە دەچێت.
بـــە گوتەی پارێزگاری ئیستانبوڵ، هەڵبژاردنەکە بە بەشداریی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی ئیستانبوڵ و بەیلیکدوزو بەڕێوە دەچێت.
ژمارەی ئەندامانی جەهەپە لە هەردوو شارەوانییەکانی ئیستانبوڵ و بەیلیکدوزو بەراورد بە پارتەکانی دیکە زیاترە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت دوو ئەندامی نوێی جەهەپە بە سەرۆک شارەوانیی بە وەکالەت هەڵبژێردرێن.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 23-03-2025، دەیەمین دادگەی تاوانەکانی ئیستانبوڵ لە چاغڵایان، بە تۆمەتەکانی بەڕێوەبردنی رێکخراوی تاوان، بەرتیلدان و وەرگرتن، دەستوەردان لە تەندەرەکانی دامەزراوە گشتییەکان و گەندەڵی دارایی، بڕیاری بەندکردنی بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ دەرکرد.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە، 04-03-2025، عەلائەدین کۆسەلەریان، سەرۆکی شارەوانیی بەیلیکدوزو و 13 کەسی دیکە، بە تۆمەتی "ساختەکاری لە تەندەردا" و "دروستکردن و ئەندامبوون و هاوکاری کردنی ڕێکخراو بۆ ئەنجامدانی تاوان" دەستگیر کران.