ئەمەریکا: ئێران دەبێت بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی هەڵوەشێنێتەوە، یان بۆی هەڵدەوەشێندرێتەوە
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئەمەریکا کە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەو وڵاتە خوێندرایەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، ئێران بەردەوامە لە بەرەوپێشبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و ناردنی مووشەک بۆ بۆشاییی ئاسمان و پەرەپێدانی مووشەکی بالیستیی کیشوەربڕ و چالاکییەکانی لە وڵاتانی ناوچەکەدا.
تۆم کۆتن، سەرۆکی لیژنەی هەواڵگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئێران بەردەوامە لەبەرەوپێشبردنی تۆڕی بریکارەکانی لە ئەمەریکا، کە دەیەیەکە پێیەوە خەریکە، تاوەکوو هەڕەشە لە هاووڵاتیانی ئەمەریکا بکات، هەروەها پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران بەردەوامە، کە بەشێوەیەکی چالاک مووشەکەی بالیستی بەرەو پێش دەبات، هەروەها دەتوانێت لەماوەی چەند ساڵێکدا ئەمەریکا بپێکێت. بەڵام بەم زووانە ئەمانە هەموویان کۆتاییان پێدێت.
تۆم کۆتن، جەختی لەوەش کردەوە، بەهۆی سەرۆک ترەمپەوە ڕێبەری ئێران دوو بژاردەی لە پێشە، یان بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی بەتەواوی هەڵوەشێنێتەوە، یان بۆی هەڵدەوەشێندرێتەوە. هاوکات پێویستە ئەو وڵاتە دەست لە چالاکییە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکە هەڵگرێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و گوشارەکانی ئەو وڵاتە بۆ دەرکردنی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی میلیشیا لایەنگرەکانیەوە؛ حزبوڵلای لوبنان، حووسییەکانی یەمەن، گرووپەکانی حەشدی شەعبیی عێراق، هەروەها هەوڵی حکوومەتی ئێران بۆ بەهێزکردنی توانایی سەربازیی خۆی بە کەڵەکەکردنی جبەخانەی مووشەکی بالیستی و درۆن، هاوکات پەرەپێدانی پەیوەندییە ناوچەیی و دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ گرووپەکانی ناوچەکە و وڵاتانی چین و ڕووسیا، هەروەها زیادکردنی هەڕەشەی سایبێریی ئەو وڵاتە دژی تۆڕە ئەلیکترۆنییەکان و داتا و ژێرخانە بازرگانی و سیاسییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بە هەڕەشەی گەورە دانراون.