حەماس: گفتوگۆی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئەمەریکا کردووە

بزووتنەوەی حەماس ئاشکرای دەکات، گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا کردووە، بۆ تاوتوێکردنی ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتەی ئیسرائیلی بە ڕەگەز ئەمەریکی. 

چوارشەممە، 26-03-2025، بەرپرسێکی بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامیی فەڵەستینی (حەماس) بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند "لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیوەندی و دوو کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەنێوان بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس و بەرپرسانی ئەمەریکی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوە چوون."

بە گوتەی هەمان بەرپرسی حەماس کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت"ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتەی ئیسرائیلی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەمەریکی، کە هەندێکیان لە ژیاندان و هەندێکیان مردوون" تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکان بووە.

قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل، بە نێوەندگیریی قەتەر، میسر و ئەمەریکا، ڕۆژی 19-01-2025، چووە واری جێبەجێ کردنەوە و ڕۆژی 01-03-2025، کۆتایی هات. لەو ماوەیەدا حەماس 33 بارمتەی ئیسرائیلی و ئیسرائیلیش زیاتر لە هەزار و 800 زیندانیکراوی فەڵەستینی ئازاد کرد. 

لەگەڵ تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی ئاگربەست لە سەرەتای مانگی ئادار، ئیسرائیل ویستی قۆناغی یەکەم درێژب کاتەوە و حەماسیش ویستی بچنە قۆناغی دووەم. دوو لایەنەکە پێکنەهاتن، بۆیە لە 18ـی ئەم مانگەوە، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەست پێ کردەوە و بەهۆیەوە تاوەکوو ئێستە زیاتر لە 600 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون.

بە گوێرەی زانیاریی میدیاکانی ئیسرائیل، لە کۆی 251 بارمتەی ڕفێنراو، 58 بارمتەی ئیسرائیلی لە ژێر دەستی حەماس ماون کە تەنها 24ـیان تاوەکوو ئێستە زیندوون و ئەوانی دیکە کوژراون.