ئاژانسی جایکا دەست بە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی مۆزەخانەی سلێمانی دەکات

یاداشتێک لە نێوان وەزارەتی دەرەوەی عێراق و باڵیۆزی ژاپۆن بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی مۆزەخانەی سلێمانی ئیمزا کرا و ئاژانسی جایکا پرۆژەکە جێبەجێ دەکات.
چوارشەممە، 26-03-2025، ئامۆژگار حەوێزی، بەڕێوەبەری پێشکەوتووی پرۆگرامەکان لە ئاژانسی جایکای ژاپۆنی بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "دوێنێ سێشەممە، 25-03-2025، یاداشتی جێبەجێکردنی پرۆژەی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنەوەی مۆزەخانەی سلێمانی، لە نێوان فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق و ئاکیرا ئەندۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، لە بەغدا ئیمزا کرا."
ئامۆژگار حەوێزی باسی لەوەش کرد "ئاژانسی جایکا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی مۆزەخانەی سلێمانی جێبەجێ دەکات کە نزیکەی یەک ملیار دیناری بۆ خەرج کراوە. لەو چوارچێوەیشدا ئاژانسەکە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی ژاپۆنی ئیمزا دەکات."

مۆزەخانەى سلێمانى، شوێنێکى گرنگ و مێژووییە، ناسنامە و ڕەچەڵەکى بەشێکى گرنگى مێژووی شارەکەی تێدا هەڵگیراوە. چەندین پارچە شوێنەوارى سەدەکانى ڕابردوو بە شێوەیەکى زانستى تێدا دانراون، ئێستە پێویستى بە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردن هەیە.
لەبارەی ئەوەی کەی پرۆژەکە کۆتایی دێت، بەڕێوەبەری پێشکەوتووی پرۆگرامەکان لە ئاژانسی جایکا گوتی: "پێویستە تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2027 و سەرەتای ساڵی 2028 ئەو کۆمپانیایە ژاپۆنییەی گرێبەستی لەگەڵ ئیمزا دەکرێت، پرۆژەی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی مۆزەخانەی سلێمانی تەواو بکات و هەموو کارەکانیش بە یەک قۆناغ دەکرێن."
هیشام حەمە عەبدوڵلا، بەڕێوەبەرى مۆزەخانەى سلێمانى بە کوردستان24ـی گوت: "تاوەکوو ئێستە لە وردەکاریی پرۆژەکە ئاگادار نەکراوینەتەوە، بەڵام بە دڵنیایییەوە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی مۆزەخانەکە ڕێگە بە نمایشکردنی پارچە شوێنەواری دیکەش دەدات، هاوکات سیماییەکی جوانتر دەدات بە مۆزەخانە و ژمارەی سەردانیکەرانیشی زیاتر دەکات."
مۆزەخانەکە دووەم گەورەترین مۆزەخانەی عێراق و گەورەترین مۆزەخانەی کوردستانە، کە چەندین کۆمەڵەی گرنگ و جۆراوجۆر لە سەردەمەکانی پێش مێژووەوە تا سەردەمی نوێ لەخۆ دەگرێت.