دوای 14 ساڵ دەست بەکارەکانی دەشتی بەهەشت دەکرێتەوە

گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دەست بە کارەکانی دەشتی بەهەشت دەکرێتەوە.
چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025، بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لە ڕێگەی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستانەوە، دەست دەکرێت بە کارەکانی دەشتی بەهەشت و لیژنەیەكی باڵا بۆ بەدواداچوون لە گرفتەكانی پڕۆژەكە پێك هێنراوە، بڕیار وایە دوای چارەكردنی گرفتەكان، كاركردن تێیدا دەست پێ بكاتەوە.
ئەو گوتەبێژە دەڵێت: بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو پڕۆژە وەستاوەکان دەبێت چارە بکرێن و بەگەڕ بخرێنەوە.
دەشڵێت: لە ماوەی چوار ساڵدا دوو پرۆژە لە هەولێر و زیاتر لە دوو پرۆژەش لە دهۆک تەواو کراون، چەند پرۆژەیەکی دیکەش مۆڵەتییان هەبوو، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمیی وەبەرهێنەرەکانەوە لێیان وەرگیراوەتەوە و دراوەتە وەبەرهێنی دیکە، لەوانەش وەرین ستی و فلۆریا ستی، ئێستاش دەشتی بەهەشت دراوەتە وەبەرهێنێکی دیکە و ئامادەکاری بۆ دەکرێت.
بەرگەشت ئاکرەیی ڕاشیگەیاند "ئێستا وردبینی و بە دواداچوون بۆ گرێبەستەکانی هاووڵاتییان دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت کێ مافی بەسەر پرۆژەکەوە هەیە، تاکوو دوای تەواو کردنی پرۆژەکە ڕادەستی خاوەنەکانیان بکرێتەوە."
پڕۆژەكە، پڕۆژەیەكی وەبەرهێنانە، دەكەوێتە سنووری پارێزگای هەولێر، لە ڕووی جوگرافیاشەوە، دەكەوێتە باكووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر لەسەر ڕێگای - هەولێر، نزیك گوندی پیرڕەش. دەشتی بەهەشت، لە دوو بەشی سەرەكی پێكدێت، 422 خانوو و زیاتر لە هەزار و 400 شوققە لەخۆ دەگرێت.
پڕۆژەی دەشتی بەهەشت، لە ساڵی 2011دا، لەلایەن كۆمپانیای (عادل موتەحیدە)وە ڕاگەیاندرا، ئەو كاتە لەلایەن ئیبراهیم تاتڵیسێس، گۆرانیبێژی بەناوبانگی توركیا، ڕێكلامی بۆ كرا، بەڵام دوای ماوەیەك، بەهۆی دەیان سکاڵا، کارەکانی پرۆژەکە ڕاگیرا.