پۆلیسی هەولێر هاووڵاتییەکی بە تۆمەتی دزیی لە دایکی دەستگیر کرد

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دەڵێت: کەسێکمان بە تۆمەتی سووتاندنی ماڵەکەیان و دزیی لە دایکی خۆی، دەستگیر کرد.

سێشەممە 26ـی ئاداری 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی ئاگادار کراینەوە لە گەڕەکی (هەولێری نوێ) ڕووداوێکی سووتان و هەڵکوتانە سەر ماڵێک ڕووی داوە، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداو.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: بۆمان دەرکەوت کە تۆمەتبار کوڕی ماڵەکەیە و دوای ئەوەی ماڵەکەی سووتاندووە، هەم لە دایکی داوە، هەم ملوانکە زێڕکەشی لێ دزیوە، پاشان لە کۆڵانەکەی خۆیان داوای هاوکاریی کردووە.

جەختی لەوەش کردەوە، لە ماوەی کەمتر لە چەند کاتژمێرێکدا تۆمەتبار ئاشکرا کرا و ئێستا  بە بڕیاری دادوەی لێکۆڵینەوە دەستگیر کراوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەشی بۆ کراوەتەوە و دانیشی بە تاوانەکەیدا نا.