شاخەوان عەبدوڵلا: ئەگەر هەڵەبجە یەکەم بڕگە نەبێت هیچ کۆبوونەوەی دیکەی پەرلەمان ناکرێت

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، ئەگەر لە یەکەم بڕگەی بەرنامەی کاردا نەبێت، هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکەی پەرلەمان ناکرێت.
چوارشەممە 26ـی ئاداری 2025، شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: پرسی هەڵەبجە، پرسێکە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق خۆیان بە خاوەنی دەزانن و هەوڵی بۆ دەدەن.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوتی: نابێت هیچ پرۆژەیەکی دیکە بە پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەوە ببەسترێتەوە، هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکەی پەرلەمان ناکرێت ئەگەر هەڵەبجە لە یەکەم بڕگەی بەرنامەی کاردا نەبێت.
بڕیار بوو ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و چەند پرسێکی دیکە کۆ بێتەوە، بەڵام تا ئێستا بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران کۆبوونەوەکە دوا خراوە.
شهوی ڕابردوو، 25ـی ئاداری 2025، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی کۆبوونەوەکەی ئەمشەو بۆ سبەینێ دوا خرا، هەرچەند پێشتریش بەهۆی ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران و تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی کۆبوونەوەکە بۆ ماوەی نزیکەی کاتژمێرێک دوا خرا."
هاوكات سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت: لە کافیتریای پەرلەمان شاشەیەکی گەورەی تەلەفزیۆن داندراوە، ئەندامانی پەرلەمان سەیری یاری نێوان عێراق و فەڵەستین دەکەن و نەهاتنە نێو هۆڵی کۆبوونەوە.
سیپان شێروانی، ههروهها ئاماژهی بهوه كرد: هێشتا عەقڵیەتێک هەیە ئامادە نییە دەنگ بە قوربانی و هەزاران منداڵی کیمایبارانی هەڵەبجە بدات بۆ ئەوەی بکرێتە پارێزگا. گوتیشی: لە سێ ساڵ و نیوی ڕابردوودا دەرکەوت، نزیکەی 100 پەرلەمانتار بندیوارن، لە زۆر حاڵەتدا، لە 329 ئەندام پەرلەمان، ڕێژەی یاسایی ناگاتە 200 ئەندام پەرلەمان.
یەکەم جار نییە کە لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە ڕێژەی یاسایی تەواو ناکەن، پارت و لایەن هەن داوای بە پارێزگابوونی قەزای دیکەی عێراقی دەکەن.