سوپای سوودان کۆنترۆڵکردنی کۆشکی سەرۆکایەتی و فڕۆکەخانەی خەرتووم ڕادەگەیەنێت

فەرماندەی سوپای سوودان لەنێو کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ خەرتووم ئازاد کرا و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بەرەو ناوچەی جەبەل کەبە پاشەکشەیان کردووە.
سێشەممە 26ـی ئاداری 2025، عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی سوپای سوودان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لە بەردەوامیی هێرشەکانیاندا توانیویانە هەموو شاری خەرتووم و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شارەکە کۆنترۆڵ بکەن.
بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بەرەو ناوچەی جەبەل کەبە، کە دەکەوێتە باشووری خەرتووم، پاشەکشەیان کردووە.
عەبدولفەتاح بورهان، لەنێو کۆشکی سەرۆکایەتیی سوودان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ خەرتووم ئازاد کرا و هێزەکانمان زیانی زۆریان بە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لە ناوچەی باقر، گەیاندووە.
ئەم پێشهاتانە تەنیا چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە سوپای سوودان کۆنترۆڵی زۆربەی باڵەخانەکانی وەزارەت و دامەزراوە حکوومەتی و تایبەتەکانی ناوەندی خەرتووم و ناوچەی موقرێنی کرد، ئەمە جگە لە کۆنترۆڵکردنەوەی دورگەی توتی و کۆشکی سەرۆکایەتی.
زیاتر لە دوو ساڵە شەڕوپێکدادان لەنێوان سوپای سوودان، بە سەرکردایەتی عەبدولفەتاح بورهان فەرماندەی سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد حەمدان دەقلو بەردەوامە و تاوەکوو ئێستا دەیان هەزار کەس کوژراو و برینداربوونە و سەدان هەزار کەسیش ئاوارە بوونە.