ترەمپ هەڕەشەی ڕێگریی بەشداریی ئێران لە مۆندیالی 2026 دەکات

ئێران بووە دووەم هەڵبژاردەی ئاسیا لە دوای ژاپۆن کە سەرکەوت بۆ مۆندیالی 2026، بەڵام ڕەنگە ڕێگەی پێ نەدرێت بەشداریی پاڵەوانێتییەکە بکات.
مەهدی تارمی، هێرشبەری ئینتەرمیلان دوو گۆڵی تۆمار کرد و ئێرانی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لەگەڵ ئۆزبەکستان یەکسان کرد.
ئەم ئەنجامە بەشداریی ئێرانی لە یاری کۆتایی جامی جیهانی 2026 مسۆگەر کرد.
بەڵام ڕۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانی پرسیاری لەبارەی ئەگەری قەدەغەکردنی بەشداریی ئێرانی لەو پاڵەوانێتییە وروژاند کە ساڵی داهاتوو لە مەکسیک و کەنەدا و ئەمەریکا بەڕێوە دەچێت.
بەگوێرەی ئەو ڕۆژنامە بەریتانییە، ڕەنگە ڕێگریی لە بەشداریی ئێران بکرێت، بەهۆی بڕیاری "قەدەغەکردنی گەشت" کە لەلایەن ئیدارەی ئەمەریکاوە پێشنیار کراوە، دوای ئەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لیستی 41 وڵاتی خستەڕوو کە هاووڵاتیانیان قەدەغەکراون بچنە ئەمەریکا.
تا ئێستا قەدەغەکردنی گەشتکردن لەلایەن ئیدارەی ئێستاوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام لە خولی یەکەمی ترەمپدا قەدەغەکردنی هاووڵاتیانی چەند وڵاتێک لەوانە ئێران، عێراق، لیبیا، سۆماڵ، سودان، سوریا، یەمەن جێبەجێ کرا.
لە 20ـی کانوونی دووەمدا، ترەمپ فەرمانی جێبەجێکردنی ئیمزا کرد کە ئامانج لێی پاراستنی ئەمەریکا و هاووڵاتیانی بوو لە هاووڵاتیانی بیانی، کە بەنیازن هێرشی تیرۆریستی بکەن و هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی بکەن.