سەرۆکی تاڵیبان هەڕەشە لە ئەمەریکا دەکات

پێگەی هەواڵی تەسنیم ڕایگەیاند، سەرۆکی تاڵیبان هەڕەشەی شەڕ لەگەڵ ئەمەریکا دەکات، ئەگەر ئەو وڵاتە واز لە فشار و دەستوەردان لە کاروباری ئەفغانستان نەهێنێت.
بەرپرسێکی گەورەی تاڵیبان لە قەندەهار، ڕایگەیاندووە "شاندێکی ئەمەریکایی هاتوونەتە کابول و داوایان لە تاڵیبان کردووە ئەو چەك و کەرەستە سەربازییانە بدەنەوە کە ئەمەریکا لە کاتی کشانەوەی لە ئەفغانستان بەجێی هێشتوون، یاخود ڕەزامەندیی لەسەر ئامادەیی هێزێکی ئەمەریکایی لە سەربازگەی بەگرام، بدەن"
مەلا هەیبەتەوڵلا ئاخوند زادە، سەرۆکی تاڵیبان، لە وەڵامی شاندەکەی ئەمەریکادا گوتوویەتی: ئەگەر ئەمەریکا بیر لە هەرجۆرە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئەفغانستان بکاتەوە، ئێمە ئامادەین شەڕیان لەگەڵ بکەین.
مەلا هەیبەتوڵلا، پێشتر لە ڕێوڕەسمێکدا لە قەندەهار ڕایگەیاندبوو" ئەگەر پێویست بکات، ئێمە ئامادەین جارێکی تر لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلام دژی ئەمەریکا شەڕ بکەین."
زەبیحوڵلا موجاهید، گوتەبێژی حکوومەتی تاڵیبان لە بەرانبەر قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، کە گوتبووی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە سەربازگەی بەگرام لە ئەفغانستان و حکوومەتی تاڵیبانیش دەبێ هەموو ئەو چەک و کەرەستە سەربازییانەمان بداتەوە کە کاتی کشانەوەمان لە ئەفغانستان بەجێمان هێڵابوون، ڕایگەیاند" گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ سەربازگەی بەگرام، خەون و خەیاڵە، ئەمەریکا و ڕژێمە هەڵاتووەکان دەبێ ئەم خەیاڵە لە سەری خۆیان دەرکەن."