ژمارەیەک هاووڵاتی عێراق لە لیبیا ئازاد دەکرێن

بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلوس ڕایگەیاند، ژمارەیەک عێراقی لە لیبیا کە بەهۆی کۆچی نایاسایی دەستگیرکرابوون، ئازاد کران.
ئەحمەد سەحاف، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، بە میدیای ناوخۆی ڕاگەیاند، پێنج هاووڵاتی عێراقی کە بە هۆی کۆچی نایاسایی چووبونە لیبیا دەستبەسەر کرابوون، ئازاد کران. دەشڵێت، ئەو هاووڵاتیانە دەیانویست لەڕێگەی لیبیاوە بچنە ئەورووپا.
ئەحمەد سەحاف گوتیشی: ڕۆژی 19 و 20ـی ئاداریش حەوت هاووڵاتی دیکەی عێراقی لە لیبیا ئازاد کراون، کە بەهۆی کۆچی نایاسایی دەستبەسەر کرابوون.
سەحاف ئاماژەی بەوەش کرد، ئازادکردنی ئەو عێراقییانە دوای سێ مانگ لە هەوڵی باڵیۆزخانەی عێراق لەگەڵ حکوومەتی یەکێتی نیشتیمانی لیبیا هات، کە ڕۆژانە چاودێریی دۆخەکەیان دەکرد.
ڕاشیگەیاند، باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا خزمەتگوزاریی پزیشکی و نیشتەجێبوونی بۆ ئەو هاووڵاتیانە دابینکردووە، هەروەها پاسپۆرتیان بۆ ئامادە کراوە بۆ ئەوەی بتوانن خۆبەخشانە بگەڕێنەوە عێراق.
هەروەها ئەحمەد سەحاف دووپاتی کردەوە، کە باڵیۆزخانەکە هۆشداری بە گەنجانی کۆچبەران داوە و داوایان لێدەکات وریای خۆیان بن و لەلایەن تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بەکار نەهێنرێن.