فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران: دەریاکان دەکەینە دۆزەخی ئیسرائیل

27ـی ئادار 2025، دەریادار، عەلیڕەزا تەنگیسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕێوڕەسمی ڕەوتی بەسیجی دەریایی لە بەندەرعەباس، هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و گوتی: هەموو دەریاکانتان لێ دەکەینە دۆزەخ!
تەنگیسیری لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بەسیجی دەریایی ئێران، تەنیا هێزێکی سەربازیی نییە، بەڵکو کۆڵەکەیەکی توانایی و بەرگریی میللەتانی ئیسلامە بەرانبەر بە دوژمنان.
ئەو، کە بە بۆنەی ڕۆژی قودس، لەو ڕێوڕەسمەدا وتاری دەدا، گوتی: دوژمنان، لە ترسی توانا و بەهێزیی هێزی دەریایی ئێمە تۆقیون، چونکە دەزانن هێزی دەریایی ئێران، ئێستە خاوەن پتر لە 3 هەزار کەشتیی و بەلەمی شەڕکەرە و لە کەنداوی فارسەوە تا دەریای عومان ئاوەکانی و باکوور، وڵات دەپارێزن و ڕێگە لەهەرجۆرە سەرچڵییەکی دوژمنان دەگرن.
تەنگیسیری هەروا گوتی: هێزی دەریایی ئێران، دەبێتە بەشێک لە بەسیجی دەریایی جیهانی ئیسلامی و ئەودەم لە زەوی و دەریاوە شەڕی زایۆنییە منداڵکوژەکان دەکەین و لەناویان دەبەین.