موفتییەکەی بەشار ئەسەد دەستگیر کرا

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، ئاسایشی گشتیی سووریا، موفتی گەورەی پێشووی سووریا شێخ 'ئەحمەد بەدرەددین حەسون'یان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق دەستگیر کردووە، دوای ئەوەی هەوڵی داوە وڵاتەکەی بەجێ بهێڵێت بچێتە ئوردن بۆ ئەوەی نەشتەرگەری بکات.

بەگوێرەی زانیارییەکان، پاسپۆرتەکەی ئەحمەد حەسون لەلایەن ئیدارەی فڕۆکەخانەوە مۆری لێ دراوە، بەڵام پێش ئەوەی بڕوات لەلایەن کۆمەڵێک کارمەندی ئاسایشی گشتیی دەستگیر دەکرێت و دەبرێتە شوێنێکی نادیار.

حەسون، پێشتر وەک موفتی گەورەی کۆماری عەرەبی سووریا کاری کردووە و بە پاڵپشتێکی بەهێزی ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد ناسرابوو، ئەمەش وایکرد لە ماوەی ڕابردوودا ڕەخنەی توندی لێ بگیرێت، بەتایبەتی بەهۆی هەڵوێستی خۆیەوە سەبارەت بەو ڕووداوانەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە سووریا ڕوویان داوە.

لە 17ـی شوباتدا، ژمارەیەک گەنج لە بەردەم ماڵی ئەحمەد حەسون، لە گەڕەکی فورقان لە شاری حەلەب گردبوونەوە، دوای ئەوەی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەو شوێنە دەرکەوت کە بە "موفتی بەرمیل" ناودەبرێت، دواتر هێزەکانی ئاسایشی گشتی لەبەردەم ماڵی حەسون بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد.

ڕۆژنامەی 'وەتەن'ـی سووری بڵاوی کردەوە، هێزە ئەمنییەکان لە هۆڵی ڤی ئای پی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق حەسونیان دەستگیر کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، حەسون، دەسەڵاتدارانی سووریای ئاگادار کردبووەوە کە دەیەوێت بۆ نەشتەرگەری بچێتە ئوردن، دەسەڵاتدارانی سووریا ڕازی بوون و دوو ئۆتۆمبێلیان بۆ ناردووە  تاوەکوو یاوەریی بکەن و لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانی و بیبەنە فڕۆکەخانە، چەند خولەکێک دواتر کاتێک چاوەڕێی کاتی چوونە ناو فڕۆکەکەی دەکرد، ئۆتۆمبێلێک گەیشتە فڕۆکەخانە  و ژمارەیەک ئەفسەر چوونەتە ناو هۆڵەکەوە و موفتیەکەیان دەستگیر کردووە و بردویانەتە شوێنێکی نادیار، بەبێ ئەوەی زیان بە هاوسەر و منداڵەکانی بگەیەنرێت.
ئەحمەد حەسون لە ساڵی 2005 تا ساڵی 2021 وەک موفتی گەورەی کۆماری عەرەبی سووریا کاری کردووە، دواتر  بەشار ئەسەد، ئەو پۆستەی هەڵوەشاندەوە.

موفتی ئەحمەد حەسون




نوسراوی وەزارەتی دادی سووریا لەسەر دەستگیرکردنی ئەحمەد حەسون