وەزارەتی دارایی لەبارەی پارەی هەڵمەتی کوتانی سورێژە ڕوونکردنەوە دەدات

وەزارەتی دارایی، لەبارەی پارەی هەڵمەتی کوتانی سورێژە هەواڵێکی پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: تەرخانکردن جیاوازە لە تەمویل کردن، هێشتا یەک دیناری ئەو پارەیەی تەرخانکراوە لەلایەن فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان.

پێنجشەممە 27ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە ناوی وەزیرە ئەحمەد سورچی، بابەتێکی لەسەر خەرجکردنی پارەی هەڵمەتی کوتانی سورێژەی تێکەڵاو لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە بە بڕی یەک ملیار و 75 ملیۆن و 926 هەزار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو بڕە پارەیە لە بەغداوە بۆ هەرێم خەرج کراوە،  بەڵام لە هەرێمی کوردستان خەرج نەکراوە،  هەرچەندە پێشتریش لەسەر ئەم بابەتە ڕوونکردنەوەی پێویستمان داوە، بەڵام لە پێناو خستنەڕووی ڕاستییەکان و بەلاڕێدا نەبردنی ڕای گشتی بە پێویستمان زانی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەینە ڕوو:

1- ئاماژە بە نووسراوی ژمارە (190677) کە لە (2024/10/8) لە فەرمانگەی بودجە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەرچووە و تیایدا هاتووە بە گواستنەوەی گوژمەی تەرخانکراو (المناقلە) بەبڕی نۆ ملیار و 90 ملیۆن و 765 هەزار دینار لە نێوان (موازنة ألأبواب) (40/9/5) لە فەرمانگەی بودجە بۆ فەرمانگەی ژمێرکاری تایبەت بە هەڵمەتی کوتان لە سەرتاسەری عێراق.

2- پشکی هەرێمی کوردستان لەو هەڵمەتە بریتییە لە یەک ملیار و 78 ملیۆن و 294 هەزار دینار کە لە سێ بڕگەدا خۆی دەبینێتەوە لەوانە (پاداشتی تیمەکان، کرێی هاتووچۆ و خەرجی هاتووچۆ ).

3- پێویستە ئەو پەرلەمانتارە و هاوشێوەکانی بە ئاگابێنەوە تەرخانکردن جیاوازە لە تەمویل کردن، هێشتا یەک دیناری ئەو پارەیەی تەرخانکراوە لەلایەن فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان، دوای بەدواداچوونی بەردەوامی تیمی تەکنیکیمان لەبەغدا، لەلایەن فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراقەوە پێیان ڕاگەیەندراوە کە ئەو پارەیە لەسەر بوودجەی ساڵی 2025 خەرج دەکرێت. 

4- وەک وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکەینەوە لەگەڵ ناردنی ئەو بڕە پارەیە لە بەغداوە ڕاستەوخۆ دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی تەندروستی تا بەسەر تیمەکان دابەش بکرێت. 

وەزارەتەکە دەڵێت: بەبیر ئەو پەرلەمانتارە و هاوشێوەکانی دەهێنینەوە لە بری درۆی شاخدار و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست باشتر بوو بەشێوەیەکی پیشەییانە بەدواداچوونیان بۆ دۆسیەکە بكردایە و لەگەڵ نوێنەرانی تری کورد لە بەغداد فشاریان بۆ خەرج کردنی ئەو شایستانە بکردایە کەماوەیەکی زۆرە دواکەتووە. 

هاوپێچ؛ نووسراوی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ و خشتەی خەرجی هەڵمەتی کوتان بەپێی پارێزگاکان.