ئێران كەسێكی بە تۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ ئەمەریكا لەسێدارەدا
ئێران: دەستی ھەبووە لە كوژرانی قاسم سولەیمانی

K24 - ھەولێر
میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە، كە بەیانی ئەمڕۆ مەحمود موسەوی مەجد، ئەو كەسەی بە تۆمەتی ھاوكاری كردنی ئاژانسە ھەوڵگرییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل دەستگیر كرابوو لە سێدارە دراوە.
مەحمود موسەوی مەجد، یەكێك لە فەرماندە سەربازیی و ئەمنییەكانی سوپای پاسداران بوو، ھاوكات نزیك بوو لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و وەك میدیاكانی ئێران دەڵێن "ئەو سیخوڕە شوێن و كاتی ھاتووچۆ و مانەوەی سولەیمانی بۆ ئەمەریكییەكان ئاشكرا كردووە و دەستی ھەبووە لە تیرۆری سولەیمانیدا".
ئەوە لە كاتێكدایە كە بەشێك لە میدیاكان ئاماژەیان بەوەكردووە "ئەو تۆمەتبارە 17 مانگ بەر لە كوژرانی سولەیمانی لە بەغدا لە گرتووخانە بووە و دەستی لە تیرۆری سولەیمانی دا نەبووە".
ئەمڕۆ میدیاكانی ئێران پشتراستیان كردەوە كە مەحمود موسەوی مەجد "ئەو سیخوڕەی ھاوكاری سی ئای ئەی و موسادی كردووە و دەستی لە ئاشكرا كردنی شوێنی سولەیمانی ھەبووە لە سێدارە درا".