ئه‌ورووپا بۆ ئه‌حمه‌د شه‌رع: به‌رزه‌فتكردنی چه‌كداره‌ توندڕەوەکان بكه‌ له‌ پێشینه‌ی كاره‌كانت

ئاژانسێك ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌ورووپا نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی نوێی سووریا كردووه‌ و تێیدا داوای لێ كردووه‌ چه‌كداره‌ توندڕۆكان كۆنترۆڵ بكات؛ هه‌روه‌ها له‌ نامه‌كه‌دا هاتوو "چه‌كی سپی بانكی به‌خۆڕایی" نییه‌.

پێنجشه‌ممه‌، 27ـی ئاداری 2025، ئاژانسی "ڕۆیته‌رز" بڵاوی كرده‌وه‌، نێرده‌ی سێ وڵاتی ئه‌ورووپایی نامه‌ی وڵاته‌كانیان له‌ ڕێگه‌ی ئه‌سعه‌د شه‌یبانی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا گه‌یاندووه‌ته‌وه‌ ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی قۆناغی ڕاگوزه‌ری سووریا و پێیان ڕاگه‌یاندووه‌، ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سووریا پێویستی به‌ كۆنترۆڵكردن و به‌رزه‌فتكردنی چه‌كداره‌ توندڕۆكان هه‌یه‌ و ده‌بێت ئه‌مه‌ كاری له‌ پێشینه‌ بێت.

به‌ پێی ئاژانسی ڕۆیته‌رز، له‌ نامه‌كه‌دا هاتووه‌، ئه‌گه‌ر ڕێكاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ به‌رانبه‌ر توندڕۆكان نه‌گیرێته‌به‌ر، پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی نوێی سووریا كۆتایی پێ دێت.

هه‌روه‌ها له‌ نامه‌كه‌دا داوای سزادانی بكه‌رانی "تاوان"ـه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی كه‌ناراوه‌كانی ڕۆژئاوای سووریایان له‌ دژی عه‌له‌وییه‌كان كردووه‌.

پێنجشەممە 6ـی ئاداری 2025، لە پارێزگاکانی لازقییە و تەرتوس شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی حکوومەتی نوێ سووریا و لایەنگرانی ڕژێمی پێشووی ئەسەد ڕووی دا.

یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی ڕووبەڕووبوونەوەکەی کەناراوەکانی سووریا هەزار کەسی تێپەڕاند.

هەمان ڕۆژ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: لێژنەیەکی سەربەخۆیان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی کەناراوەکانی سووریا پێکهێناوە کە لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکارییانە دەکات دەرهەق بە هاووڵاتییانی مەدەنی کراوە.

شەرع ئاماژەی بەوە كرد، ئەرکی لێژنەکە ئاشکراکردنی هۆکار و دۆخی ڕووداوەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەوانەی بەرپرسن لە تاوانی کۆمەڵکوژکردنەکە دەدرێنە دادگا، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، هەموو هاوکارییەکی ئەو لێژنەیە بکەن.