به‌ڕێوه‌به‌ری بانکی ناوەندیی سووریا له‌ حكوومه‌ته‌ی ئه‌حمه‌د شه‌رع، ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌

مەیسا سابرین، به‌ڕێوه‌به‌ری بانکی ناوەندیی سووریا
مەیسا سابرین، به‌ڕێوه‌به‌ری بانکی ناوەندیی سووریا

به‌ڕێوه‌به‌ری بانکی ناوەندیی سووریا كه‌ یه‌كه‌م ئافره‌ت بوو له‌ مێژووی ده‌وڵه‌تی سووریا ئه‌و پۆسته‌ی پێ درا، ده‌ستی له‌ كار كێشایەوه‌.

پێنجشه‌ممه‌، 27ـی ئاداری 2025، مەیسا سابرین، به‌ڕێوه‌به‌ری بانکی ناوەندیی سووریا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە، ئەوەش دوای کەمتر لە سێ مانگ لە وەرگرتنی پۆستەکەی لەسەر بنەمای کاتی.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی نوێی سووریا لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا، سابرینی وەک به‌ڕێوه‌به‌ری بانکەکە دەستنیشان کرد، بەمەش بووه‌ یەکەم ئافره‌ت کە ئەم پۆستەی پێ درابوو.

دووشەممە، 30ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024، ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی ئیدارەی نوێی سووریا و دواتر سه‌رۆكی قۆناغی ڕاگوزه‌ری سووریا سابرینی وەکوو بەڕێوەبەری کارەکانی بانکی ناوەندی سووریا دەستنیشان کرد.

مەیسا، بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە بواری ژمێریاریدا هەیە و لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2018ەوە پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگاری بانکی ناوەندی سوریای وەرگرتبوو. 

هەروەها کانوونی دووەمی 2018 بووە سەرۆکی بەشی چاودێریی بانکی ناوەندیی سووریا، و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی بۆرسەی دیمەشق بووە.

 
Fly Erbil Advertisment