لویس ساكۆ پێشنیازێكی نوێ بۆ ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق دهكات

پاتریاركی کلێسای كلدانی لە عێراق و جیهان، پێشنیاز دەكات بۆ ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی عێراق، لە ڕێگەی تۆمارێكی تایبەتی دەنگدانەوە، دەنگدان بۆ كورسی كۆتای كریستیانەكان بكرێت.
لە عێراقی دوای ساڵی 2003 پێکهاتەكان لەوانەش كریستیانەكان ڕووبەڕووی هەڕەشە ئەمنییەکان بوونەوە و وەكو پێویست دەرفەتیان پێنەدرا بەشێك بن لە سیستەمی حوکمڕانی، سەرەڕای ئەوەی بەشداریپێکردنیان لە حکوومەتەکاندا لە ئاستی پێویستدا نەبووە و لە پەرلەمانیش بەردەوام لەژێر ھەژموونی لایەنەكانی دیكەدا بوونە.
كاردینال لویس ساكۆ، پاتریاركی کلێسای كلدانی لە عێراق و جیهان، پێشنیاز دەكات بۆ ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی عێراق، لە ڕێگەی تۆمارێكی تایبەتی دەنگدانەوە، دەنگدان بۆ كورسی كۆتای كرستیانەكان بكرێت. داواشی لە سەرجەم هاووڵاتییان و بە تایبەت كرستیانەكان کرد، تۆماری هەڵبژاردنەکانیان نوێ بکەنەوە و کارتی بایۆمەتری وەربگرن بۆ ئەوەی بتوانن دەنگ بدەن.
جەختیشی کردەوە، كریستیانەكان ھاووڵاتی ڕەسەنی عێراقن و پابەندن بە ناسنامەکەیانەوە، تەنانەت ئەوانەی کۆچیان کردووە و قوربانییەکی زۆریان داوە.
كاردینال لویس ساكۆ، نوێنەرایەتی ئێستای كریستیانەكان بە هەڵە دەزانێت و ڕەتی دەکاتەوە وەک سووتەمەنی بۆ بەرژەوەندیی لایەنەكانی دیكە بەکار بهێنرێت. ھاوكات پاتریاركی كلێسای كلدانی لە عێراق و جیهان، داوا لە شیعە، سووننە و كوردەكان دەكات لە حكوومەتی فیدڕاڵیدا ھاوكارییان بن بۆ وەرگرتنەوەی نوێنەرایەتی و ڕۆڵ و مافەکانیان.
کریستیانەکان بە کلدان، ئاشوور و سریانەوە، لەسەر ئاستی عێراق ناڕازین و تادێت ژمارەشیان کەم دەبێتەوە بەهۆی بەردەوامی کۆچکردنیان، پێشتر ژمارەیان لە عێراق نزیكەی دوو ملیۆن کەس بوون، کەچی ئێستا نزیکەی 250 هەزار کەس دەبن.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، لە خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، لە کۆی 329 کورسی، کۆتاکان خاوەن 9 کورسین كە پێنج کورسی بەشی کریستیانەکانە، ئەوانیش لەژێر ھەژموونی لایەنەكانی دیكەن.