ئۆمێد خۆشناو: لەسەر قەڵای هەولێر ماڵی پاریس دروست دەکرێت

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: شەقام و پارکێک لە پاریس بەناوی پێشمەرگە دەکرێت، هەروەها ماڵی پاریس لەسەر قەڵای هەولێر دروست دەکرێت.

پێنجشەممە، 27ـی ئاداری 2025، ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە پاریس بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی پاریس بە دەنگدان ڕەزامەندیی لەسەر بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز دراوە و بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز لەنێو باڵەخانەی پاریس گرنگییەکی زۆری بۆ پەیوەندییەکانی کورد و فەرەنسا هەیە.

باسی لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی پاریس بڕیار درا بە نۆژەنکردنەوەی یەکێک لە خانووەکانی قەڵای هەولێر و دروستکردنی ماڵی پاریس لەسەر قەڵاکە.

ئۆمێد خۆشناو، ئاماژەی بەوەش کرد، شەقام و پارکێکی پاریس بەناوی پێشمەرگە دەکرێت و سەرجەم کارەکانی تەواو کراون.

دووەم ئاهەنگی تایبەت بە نەورۆز ئەمشەو لە بارەگای شارەوانیی پاریس بە ئامادەبوونی نوێنەری دامودەزگاکانی فەرەنسا و دیپلۆماتان بەڕێوەدەچێت. نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا لەم بارەوە ڕایگەیاند: ئاهەنگەکەی کۆڵن بۆ جیهانی سەلماند کە کورد فاکتەرێکی سەقامگیریی ناوچەکەیە.