حکوومەتی بەریتانیا وەڵامی کوردستان24 دەداتەوە

حکوومەتی بەریتانیا جەخت لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکاتەوە.

پێنجشەممە 27ـی ئاداری 2025، وەزارەتەکانی وزە و دەرەوەی بەریتانیا، وەڵامی چەند پرسیارێکی دلۆڤان عیمادەددیین، پەیامنێری کوردستان24، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، کێشەکانی هەولێر و بەغدا و ڕێککەوتنی نێوان کۆمپانیای BP و حکوومەتی عێراق، دەداتەوە.

وەزارتەکانی حکوومەتی بەریتانیا، جەختیان لە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چارەکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا کردەوە.

هەروەها وەزارتەکانی حکوومەتی بەریتانیا، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەن، کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مانگانە لە کاتی خۆیدا بنرێت و دوای نەخات. 

ئاماژەشیان بەوە کرد، هەماهەنگیی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی لە هەرێم و عێراق.

لەبارەی ڕێککەوتنی کۆمپانیای BP و حکوومەتی عێراق، دوو وەزارەتەکەی بەریتانیا گوتیان: "ئاگاداری ڕێککەوتنی نێوان هەردوولاین بۆ مەبەستی وەبەرهێنان لە چوار کێڵگەی نەوتیی کەرکووک، هەروەها دەمانەوێت وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستانیش بکەین".