لە خوانێکی بەربانگدا ترەمپ سوپاسی موسڵمانان دەکات

لە خوانێکی بەربانگی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا سوپاسی موسڵمانانی کرد کە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ساڵی 2024 هەوڵێکی بێ وێنەیان بۆ سەرخستنی داو.
دوێنێ پێنجشەممە 27ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە خوانێکی بەربانگ کردنەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە موسڵمانانی ئەمەریکا گوتی: دەمەوێت بەخێرهاتنی هەموو ئەوانە بکەم کە بەهێزەوە پشتیوانیان کردین، ڕەمەزانتان پیرۆز بێت.
دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: دەمەوێت سوپاسی ئەو سەدان هەزار ئەمەریکییە موسڵمانە بکەم کە زۆر بەهێزەوە لە هەڵبژاردنی 2024 پشتیوانیان کردین بۆ سەرکەوتن، ئەوە کارێکی زۆر نایاب بوو، زۆر بە هێمنی لەگەڵ ئێوە دەستمان پێکرد، بەڵام پێشکەوتین، لە کۆتایی هەڵبژاردنیش هەستمان بەوە کرد وەک مووشەک پێشکەوتین، بۆیە سوپاسی هەمووتان بۆ ئەو سەرکەوتنە دەکەم.
دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد، لە بەڵێنەکانی لەگەڵ موسڵمانان وەفادار دەبێت، دووپاتیشی کردەوە، پێداگر دەبێت لە چارەسەری ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی ڕێککەوتن، گوتی: ئێمە دەستمان بە هەوڵەکانی ڕێککەوتن کرد و بایدن هیچی نەکرد، بەڵام ئێستا ئێمە ئەو ڕێککەوتنانە زۆر بەخێرایی جێبەجێ دەکەین.
لە خوانی بەربانگەکەدا، ژمارەیەک لە باڵیۆز و دیپلۆماسیانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ئامادەبوون.
