بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی ڕێختەر میانماری هەژاند

دەستەی جیۆلۆجی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی، 28ـی ئاداری 2025،  بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی ڕێختەر ناوەڕاستی میانماری هەژاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی جیۆلۆجی ئەمەریکی، ئەمڕۆ هەینی 28ـی ئاداری 2025، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.7 پلە ناوەڕاستی میانماری هەژاند، کە بەهۆیەوە درز کەوتووەتە بەشێک لە ڕێگاکانی نایپیداوی پایتەخت، هاوکات دانیشتووانی چین و تایلەند هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە.

دەستەی جیۆلۆجی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش داوە، ناوەندی بوومەلەرزەکە لە ناوچەیەکدابووە کە  16 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای شاری ساگاینگ دوورە، قووڵایی بوومەلەرزەکە 10 کیلۆمەتر بووە.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی میترۆ و شەمەندەفەر لە بانکۆک ڕاگیراون. هەروەها بەهۆی بەهێزی بوومەلەرزەکەوە ڕێگاکان درزی تێکەوتووە هەروەها ژمارەیەک باڵەخانەش ڕووخاون. ئەو بوومەلەرزەیەش لەلایەن دانیشتووانی باکووری تایلەندەوە هەستیان پێکراوە تا دەگاتە بانکۆکی پایتەخت، کە دانیشتووانی بانکۆک ڕایانکردە سەر شەقامەکان.

پایتۆنگتارن شیناواترا، سەرۆک وەزیرانی تایلەند، دوای بوومەلەرزەکە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ڕاگەیاند، لەلایەکی دیکەوە دانیشتووانی پارێزگای 'یونان' لە باشووری ڕۆژئاوای چین هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە.

بەگوێرەی ئاژانسی بومەلەرزەزانی پەکین، بە هێزی بومەلەرزەکە بەگوڕی 7.9 پلەی ڕێختەر بووە.

 لە نێوان ساڵانی 1930بۆ 1956شەش بوومەلەرزە بە گوڕی 7پلەی ڕێختەر و  زیاتر لە نزیک ساگاینگ ڕوویداوە، کە بە ناوەندی وڵاتدا تێدەپەڕێت و لە باکوورەوە بۆ باشوور درێژ دەبێتەوە، هەروەها بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجی ئەمەریکا. لە ساڵی 2016 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.8 پلە ناوەڕاستی میانماری هەژاند، کە بەهۆیەوە سێ کەس گیانیانیا سپارد و تاوەر و دیواری پەرستگایەکییش داڕما.