ڕووباری دیجلە بووەتە شوێنی زبڵدان

بەهۆی فڕێدانی پاشماوەی پزیشکی و وێستگەکانی کارەبا لە ڕووباری دیجلە لە عێراق ڕەنگە شینەکەی لە دەستداوە و گۆڕاوە بۆ سەرچاوەی نەخۆشی و ڤایرۆس.

عومەر عەبدولەتیف، پسپۆڕی ژینگەی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پاشماوەی شارە پزیشکییەکان و وێستگەکانی کارەبا لە نزیک سەربازگەی ڕەشید بەدیدەکرێن، ئەمەش هۆکاری سەرەکی پیسبوونی ئاوی دیجلەن، پێویستە لایەنی بەرپرس بە پەلە ئەمە چارە بکەن، چونکە گەر وانەکەن بەپێچەوانەوە لەماوەی پێنج بۆ 10ساڵی داهاتوودا پیسبوونی ئەم ڕووبارە هەزاران کەس توشی شێرپەنجە دەکات."

سەباح عگێلی، چاودێر دەڵێت: هیچ ڕێکارێکی ڕاستەقینە لەلایەن حکوومەتەوە نەگیراوەتەبەر بۆ ڕاگرتنی پیسبوونی ئاوی دیجلە، بەداخەوە کۆمپانیا و دامەزراوە داراییەکان ئەم نیعمەتەی خوایان گۆڕیوە بۆ زبڵدان و شوێنی کۆبوونەوەی ڤایرۆس و نەخۆشی.

پزیشکانی پسپۆڕ ترسی ئەوەیان هەیە پسیبوونی زیاتری ئاوی ڕووباری دیجلە ببێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێرپەنجە، چونکە ئەم نەخۆشییە بەمدوایانە لە عێراق زۆر بەربڵاوە.